هاووڵاتییانی سووریا پێشوازی لە گۆڕینی دراوی وڵاتەکەیان دەکەن
حکوومەتی سووریا بڕیاری گۆڕینی دراوی وڵاتەکەی داوە و چاوەڕێ دەکرێت لە یەکەم ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەددا، بخرێتە بازاڕەوە.
دوای چەندین ڕاوێژ و لێکۆڵینەوە، حکوومەتی نوێی سووریا بڕیاری گۆڕینی دروای فەرمیی وڵاتەکە (لیرە)ـی دا. بە گوێرەی بڕیارەکە، وێنە و دوو سفرەکەی سەر دراوەکە لادەبرێن.
بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی سووریا، ئامانج لە گۆڕینەکە، بەهێزکردنی نرخی لیرەی سوورییە بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی و زیادکردنی بڕی مامەڵەی پێکراوە لە بازاڕەکاندا.
هاوڵاتییان پێشوازی لەم بڕیارە دەکەن و هیوادارن کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئابووری وڵات و ژیانی ڕۆژانەیان هەبێت.
یوسف محەممەد، هاووڵاتییەکی دیمەشقە و لەبارەی گۆڕینی دراوەکەوە دەڵێت "کارێکی باشە و بۆ هەڵگرتنیش سووکترە. هیوادارم گۆڕینەکە، نەبێتە هۆی دابەزینی بەهاکەی بەرانبەر بە دراوەکانی دیکە، بە تایبەت دۆلار."
دراوە نوێیەکەی سووریا لە شەش جۆر پێک دێت و بڕیارە حکوومەتی ئەو وڵاتە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا، وردەکاریی چۆنییەتی بەکارهێنانی هەر شەش جۆرەکە بۆ هاووڵاتییان ڕوونبکاتەوە.
هاوڵاتییەکی دیکە، بە ناوی عەلی ئەحمەد، ئاماژە بەوە دەدات "بڕیارێکی باشە و دراوەکە بەهێزتر دەکات. سڕینەوەی سفرەکان زۆر ئاسانە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر پلانێک نەبێت، هەڵەیەکی نوێ دەبێت."
بڕیارە دراوی نوێی سووریا لە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بخرێتە بازاڕەوە.