لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک بەکۆمەڵ وەرزشی بەیانی دەکەن

ساڵانێکە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی لە شاری بۆکان، بەرنامەی وەرزشی بەیانیان بە بەشداریی دەیان ئافرەت و پیاو بەڕێوە دەچێت.
بەشداربووان لە کاتژمێر 5 و نیو تاکوو 6 و نیوی بەیانیان پێکەوە، بڕگە وەرزشییەکان دەکەن، لە وەرزشی بەیانییەکدا، خەڵکی شارەکانی ورمێ، مهاباد، تیکاب و سەقز میوانی وەرزشکارانی بۆکان بوون، ڕاهێنەرێکی وەرزشی دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە ئەو کەسانەی بەساڵداچوون و ناتوانن بچنە هۆڵی وەرزشی، یان پارە و کاتی هۆڵی وەرزشییان نییە، بتوانن لە هەوای پاکی بەیانیاندا وەرزش بکەن.
حوسێن وەفادار، ڕاهێنەری وەرزشی بۆ کوردستان24 گوتی: ئامانج لە وەرزشی بەکۆمەڵی بەیانی ئەوەیە، کەسە بەتەمەنەکان کۆ بکەینەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە پارەیان نییە، یاخود ناتوانن بچنە هۆڵی وەرزشی، بۆیە کۆمەڵێک ئامێری وەرزشیمان داناوە و دەتوانن بەخۆڕایی وەرزشی لەسەر بکەن
لوقمان شەهابی، پسپۆڕی وەرزشی بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو وەرزشە بەکۆمەڵە کە لەشاری بۆکان بەڕێوەدەچێت بە بەشداریی ئافرەت و پیاوانی باساڵاچووی شارەکانی دیکەی کوردستان لە، ورمی، مەهاباد، تیکاب، سەقز و بۆکان، ئەو وەرزشە بەخۆڕاییە.
خانمێکی وەرزشکار دەڵێت، پێشتر ئافرەتان نەیاندەتوانی لەو جۆرە ڕێوڕەسمە وەرزشییانەدا بەشدار بن، بەڵام ئێستا خێزانەکان پێکەوە دێن و بەیانیان وەرزش دەکەن،فەرمانبەرێکی خانەنشینیش دەڵێت، بەهۆی ئەو وەرزشەوە، چەند نەخۆشییەکم چارەسەر بووە.
فەرزانە کاریگەرزادە وەرزشکارە و بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمەی ئافرەتان پێشتر نەماندەتوانی زۆر لەماڵ بێینە دەرێ و وەرزش بکەین، ئێستا هەموومان بە خێزان دێینە دەرێ و هەموو ڕۆژێک وەرزش دەکەین.
سەید حامید قوڕەیشی، وەرزشکارێکی دیکەیە و دەڵێت: 35 ساڵ خزمەتم کردووە، سستی و دانیشتن مرۆڤ لەناو دەبات، ئێستا ماوەی ساڵێکە وەرش دەکەم، بەهۆی ئەو وەرشەوە چەند نەخۆشیەکم چارە بووە.
لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 20 ساڵە هاووڵاتییان بەیانیان بۆ وەرزش لە پارکەکان کۆ دەبنەوە، ئێستا هەموو بەیانییەک لە پێنج شوێنی ئەم شارەکە، دەیان ئافرەت و پیاو ڕاهێنان و وەرزش دەکەن و ڕاهێنەرەکانیشیان بە شێوەی خۆبەخشانە هاوکارییان دەکەن.
ئافرەتان لەم چالاکییە وەرزشییە بەکۆمەڵەدا ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان هەیە و وەرزشکاران بە دەم گوێگرتن لە مۆسیقاوە وەرزش دەکەن.