دەروێشانی تەریقەتی قادری لە مەزارگەی وەیسی قەرەنی

ئەمە مەزارگەی وەیسی قەرەنییە لە پارێزگای کرماشان، دەروێشانی تەریقەتی قادری، لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا، لانیکەم مانگی دوو جار دێنە سەردانی ئەم مەزارگەیەی یەکێک لە تابیعینی پەیامهێنی ئیسلام، و خۆشەویستی خۆیان بۆ ئیسلام و پەیامهێنەکەی دەردەبڕن.

دەروێش یوسف ڕەحمەتی، دەڵێت: لە شارو شارۆچکەکانی کامیاران، سنە، سەقز، مەریوان، قروە و دێگوڵان و زۆر شوێنی دیکەوە خەڵک بۆ ئێرە هاتوون، من خۆم لە شارۆچکەی قروە، لە ئاوایی جامەشۆرانەوە هاتووم بۆ ئەم جێگە پیرۆزە و هیوادارم خوا بە لوتف و مەرحەمەتی خۆی بمانبەخشێت.

لێرە هەر کەسە و بە شێوازێک مرازی دڵی خۆی دەردەبڕێت، یەکێک بە زیکر و دەف، یەکێکیش بە ئاواز و مەقام، یەکێک بە هۆرە و ئەوی دیش بە سیاچەمانە. بە جلوبەرگ و زاراوەی جیاوازی دەروێشەکانەوە دیارە هەرکامیان خەڵکی ناوچەیەکن، بەڵام یەک ئامانج ئەوانی لێرە کۆ کردووەتەوە.

بەهییە حەمدوڵلاهی، دەڵێت: لە سەقزەوە بۆ زیارەتی حەزرەتی وەیس هاتووین،  22 کەسین، بۆ تەمەنا و دووعای خێر. ئیشەڵلا هەموو ساڵێک بە خۆشی و سەلامەتی ئەم زیارەتەمان بەنسیب ببێت.

مەزارگەی وەیس لە سەر ڕێگەی کرماشان بەرەو ڕوانسەر لەسەر شاخێکی بەرز بەناوی دیشەکۆ هەڵکەوتووە، بەهۆی سەختی و شاخاویی ناوچەکە، زیارەتکاران دەتوانن تەنیا لە دوو وەرزی ساڵدا سەردانی بکەن. هەر بۆیە زیارەتی ئەم دەروێشانە، بە ڕۆژێک کۆتایی نایەت و شەویش لێرە دەمێننەوە.

بەڵام ئەوان بە مانەوەیان لە تەنیشت مەزارگەی وەیس، دڵخۆشن و بە زیکر و سەمای دەروێشانە و ڕاز و نیاز و پاڕانەوە  شەوەکەیان دەگوزەرێنن.

نەزاکەت میماری، دەڵێت: من 54 ساڵە لەو تەریقەتەدام، من بۆ خاتری ئیحترام و ڕەزا و خۆشەویستیی خوا، هەموو ساڵێک 8 بۆ 10 جار کاروانی زیارەتکاران دێنم بۆ وەیس. بۆ من مایەی شانازییە ئەم دەروێشانە ببینم کە دێنە زیارەتی ئەم بارەگایە.

دەروێشە پیاوەکانیش بە ئامادە بوونی شێخی تەریقەتی قادری کۆڕی زیکر و تەهلیلە دەگرن و بە مەدح و سەنای پەیامهێنی ئیسلام و سەحابە و تابیعین و خوێندنەوەی قورئان و سروود و شیعری ئاینی، لە مەزارگەی وەیسی قەرەنی ڕۆژ دەکەنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment