وەزارەتی پلاندانانی عێراق: نۆ نەخۆشخانەی حکوومی لەکارکەوتوون و داخراون

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بوونی 9 نەخۆشخانەی حکوومی لە سەرانسەری وڵاتدا ئاشکرا کرد، کە لەکارکەوتوون و داخراون.

یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەخۆشخانە وەستاو و لەکارکەوتووەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە ڕێوشوێنەکانی پێشوودا کراوە کە سەبارەت بە کۆمەڵێک پڕۆژەی تەندروستی گیراوەتەبەر، هەروەها بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان کراوە، لەوانە، نەخۆشخانەی محەممەد باقر حەکیم، لە شوعلەی بەغدا، نەخۆشخانەی هاریسە لە بەسرە 100 قەرەوێڵەیی، نەخۆشخانەی ئیمام عەلی لەناوچەی سەدر، لە بەغدا، نەخۆشخانەی منداڵبوون لە پارێزگای نەینەوا کە 200 قەرەوێڵەییە، هەروەها نەخۆشخانەکانی بەغدا و دیوانیە بە کە هەریەکەیان 400 قەرەوێڵەیین و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئوسترالییەوە جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها لیژنەکە گفتوگۆی لەسەر سێ نەخۆشخانەی فێرکاری لە بەغدا و نەینەوا و کەربەلا کرد کە هەریەکەیان توانای 600 قەرەوێڵەیان هەیە. بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنیان لە وەزارەتی تەندروستیەوە گواستراوەتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵی لیژنەکەی وەزارەت کرا، بۆ تەواوکردنی پرۆژە تەندروستییە وەستاو و لەکارکەوتووەکان کە ژمارەیان نۆ پرۆژەیە، و تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە کارگێڕی و تەکنیکیانەی کە ڕێگرن لە جێبەجێکردنیان.

 

 
Fly Erbil Advertisment