شارەوانیی بەحرکە: کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ماڵان دەستی پێکردووەتەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، کۆکردنەوەی زبڵی ماڵان لەلایەن کۆمپانیای پاککەرەوە لە شارۆچکەی بەحرکە وەستابوو، بەڵام سەرۆک شارەوانیی بەحرکە ئاماژەی بەوە کرد، لە ئەمڕۆوە دەستیان بە کۆکردنەوەی کردووە.

مەموند عەبدولوەهاب، سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: گرفتی کۆنەکردنەوەی زبڵی چەند گەڕەکێکی ماڵی هاووڵاتییانی بەحرکە چارەکرا و دەستکراوە بە کۆکردنەوەی.

سەرۆکی شارەوانیی بەحرکە ئاماژەی بەوە کرد، چەند ئۆتومبێلێکی کۆکردنەوەی زبڵ لەکار کەوتبوون و کێشەی داراییان هەبوو، بەڵام لە ئەمڕۆوە دەست دەکرێت بە خاوێنکردنەوە و کۆکردنەوەی.

چەند ڕۆژێکە ئۆتۆمبێلەکانی کۆکردنەوەی زبڵی ماڵان لە شارۆچکەی بەحرکە کارناکەن و ئەمەش نیگەرانی لەلای دانیشتووانی دروستکردبوو. 

ڕۆژانە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەزار 600 تۆن و لە دەوروبەری شاری هەولێر 650 تۆن، زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە و هەمووی لە بەشی ژینگەپارێزی چارە دەکرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment