لە ژاوەژاوی موەلیدەکانەوە بۆ هەوایەکی پاکتر؛ گۆڕانکاری ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان

ئاژانسی هەواڵی دۆیچە ڤێڵ (DW) بڵاوی کردەوە، نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی 'پرۆژەی ڕووناکی'، ئێستا کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە، بەهۆی پرۆژەکەوە لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە دوو هەزار و 517 موەلیدەی ئەهلی کوژێنراونەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31ـی ئابی 2025، ئاژانسی هەواڵی دۆیچە ڤێڵ (DW)ـی ئەڵمانی، ڕاپۆرتێکی لە بارەی کارەبای 24 کاتژمێری لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تا ئێستا زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی 'پرۆژەی ڕووناکی'، کارەبای بەردەوامیان هەیە، ئەو ژمارەیەش دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی هەرێمەکە، پرۆژەکە دەستپێشخەرییکی گرنگە و هەنگاوێکیشە بەرەو باشترکردنی کوالێتی ژیانکردن و پاککردنەوەی هەوا، هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزکردنی گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمەکە.

کارەبای بەردەوام؛ هەنگاوێک بەرەو ژیانێکی ئاسانتر و ئاسوودەتر

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە، هاووڵاتییان دەتوانن بە ئازادی ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵەکانیان کار پێبکەن، بە بێ ئەوەی ترسی نەبوونی ئەمپێری کارەبای پێویستیان هەبێت، وەک پێشوو کە لەگەڵ موەلیدە ئەهلییەکان هەیانبوو، 'پرۆژەی ڕووناکی' تەنیا لە باشترکردنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییاندا ڕۆڵی نەبینیوە، بەڵکو دەرفەتی زیاتری بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان داوە بۆ گەشەکردن و فراوانبوون بەهۆی بەردەستبوونی وزەی بەردەوامەوە.

ئاژانسی هەواڵی دۆیچە ڤێڵ (DW)، لەبارەی پرۆژەکەوە، ئەوەشی خستووەتە ڕوو، تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 517 موەلیدەی ئەهلی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان لە کارکردن وەستێنراون، هەروەها ئامانجی سەرەکی پرۆژەکە دابینکردنی کارەبایە بە نرخێکی گونجاو بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە هەرێم. هەروەها پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2026، زیاتر لە حەوت هەزار موەلیدە لە کارکردن بوەستێنرێن.

داهاتووی پرۆژەی ڕووناکی

ئاژانسی (DW)، بە پشتبەستن بە داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کوژاندنەوەی موەلیدە ئەهیلییەکان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە نزیکەی 240 هەزار تۆنی ساڵانە، لەگەڵ پێشبینیکردنی گەیشتن بە 1.4 ملیۆن تۆنی ساڵانە لە کاتی تەواوبوونی پرۆژەکەدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، 'پرۆژەی ڕووناکی' تەنیا ژیانی هاووڵاتییانی نەگۆڕیوە، بەڵکو بووەتە مۆدێلێکی پراکتیکی بۆ چارەکردنی کێشەی وزە و پیسبوون لە عێراقدا. تا کۆتایی ساڵی 2026، پێشبینی دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورەی ئابووری و ژینگەیی لە وڵاتەکە ڕووبدات، لەگەڵ باشترکردنی تەندروستی گشتی و کەمکردنەوەی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکان بە پیسبوونی هەواوە.

زانیاری لە بارەی پرۆژەکە

پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام و مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بە گوێرەی بەکارهێنان دیاریی دەکرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیکردنی گەڕەکی شادی لە هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment