عێراق لەڕووی تەندروستییەوە لە دواوەی زۆرینەی وڵاتانی جیهانە

بەگوێرەی دوایین ئاماری نێودەوڵەتی، شاری بەغدا لە چاودێری تەندروستی لە ڕیزبەندی 309ـەمین شاری جیهاندایە، سەرەڕای کۆنی باڵەخانەکان، نەخۆشخانەکانی عێراق بە گشتی و بەتایبەت بەغدا، ئامێری سەردەمیانەی پزیشکیان بۆ دابین نەکراوە.
گرفتێکی دیکەی کەرتی تەندروستی لە عێراق بێسەروبەری نەخۆشخانەکانەو سەندیکای پزیشکانیش، حکوومەتی عێراق و هێزە ئەمنییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە، پاراستنی گیان و سەلامەتی پزیشکان لە ئەستۆ ناگرن و دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکان بووەتە دیاردەو لە زیادبووندایە.
بەغدای پایتەختی عێراق،پایتەختی کارگێڕی و سیاسی وڵاتێکی 46 ملیۆن کەسیی، شارێک کە بەپێی ئاماری نێودەوڵەتی بۆ چاودێری تەندروستی، لە ڕیزبەندی دواوەی شارەکانی جیهاندایە.
پێگەی "نومبیۆ" ئاماژەیداوە کە، بەغدا لە پێشکەوتنی چاودێری تەندروستیدا 309ـەمین شاری جیهانە، سەرەڕای ئەوەی داهاتی تاک لە کەرتی تەندروستی عێراق تەنیا 200 دۆلارە،لەهەمانکاتدا ژێرخانی کەرتەکە بەهۆی باڵەخانەی کۆن و بەردەستنەکردنی ئامێری پزیشکی سەردەمیانە و کەمی پزیشکی پسپۆر، لە داڕمانی بەردەوامدایە.
هەر بەپێی ئامارەکە، نەبوونی چاودێری و مەرجەکانی ڕێنمایی سەلامەتپارێزی و پاکوخاوێنی، یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکان کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتیان دەکات.
ئامارەکە ئاماژە بەوە دەکات، قەیرانی قوڵتر لە عێراق و بەتایبەت بەغدای پایتەختی ئەو وڵاتە، بۆشایی ئەمنی کۆمەڵایەتییە کە زۆر جار گیان و سەلامەتی پیشەیی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دووچاری هەڕەشە دەکاتەوە.
حەسەنین شەبر سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق رایگەیاندووە،دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکان لە سەرانسەری نەخۆشخانەکانی عێراق لە هەڵکشاندایەو چەند بارە بوونەوەی ئەم ڕووداوان،ە مایەی دوو دڵی و نیگەرانییە بەو پێیەی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی کارمەندانی تەندروستی دەستێوەردان ناکەن.
سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق روونی دەکاتەوە، مەترسییەکە تەنیا لەسەر پزیشکان لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نییە، بەڵکو پزیشکان لە نەخۆشخانە حکوومییەکان پشکی شێری ئەو پێشێلکاریانەیان لەسەرە.
سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە، ئەم دیاردەیە ساڵانێکە بەدی دەکرێت و حکوومەتی عێراق شکستی هێناوە لە پاراستنی گیان و سەلامەتی پزیشکان، ڕوونی دەکاتەوە، بەردەوامی پێشێلکارییەکان ئاماژەیە بۆ نەمانی ژینگەیەکی سەقامگیر لە دامەزراوەکانی کەرتی تەندروستی حکوومی. داواش دەکات، حکوومەتی عێراق ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتی خۆی ببینێت و دەستدرێژیکاران بە سزای یاسایی بگەیەنێت، جیا لەوەش هەڵمەتی هۆشیاری چڕ بکرێنەوەو گرنگی پاراستنی کارمەندانی چاودێری تەندروستی و ڕۆڵی گرنگیان لە خزمەتکردنی کۆمەڵگادا لەبەر بەرچاو بگیرێت.