پۆلیسی هەرێمی کوردستان: سزای مامەڵەکردن بە 'جی پی ئێس' 10 ساڵ زیندانیکردنە

گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، مامەڵەکردن بە ئامێری 'جی پی ئێس' بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
شەممە، 6ـی ئەیلولی 2025، کارزان ئەمیر، گوتەبێژی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە گوێرەی ماددەکانی 25 و 26ـی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە بەشی پەیوەندی و زانیارییەکان، هەر کەسێک کڕین و فرۆشتن 'بە جی پی ئێس' بکات بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشداوە کە 'جی پی ئێس' وەک ئامێرێکی چاودێری ناسێنراوە، بۆیە هاوردەکردن، کڕین و فرۆشتنی دەبێت لەژێر چاودێری و ڕێنماییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بێت، لەبەرئەمەش مامەڵەکردنی بە ئۆنلاین قەدەغەیە.
گوتەبێژەکەی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، هەرچەندە ئەمە لە هەرێمی کوردستان نەبووەتە دیاردە، بەڵام هەر کەسێک سکاڵای هەبێت بەدواداچوونی ورد بۆ کەیسەکەی دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو نزیکەی 10 هەزار و 157 سکاڵا لەبارەی تاوانە جۆراوجۆرەکان تۆمارکراون، هەروەها سێ هەزار و 283 سکاڵاش لەسەر تاوانی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون، کە زۆربەی سکاڵاکان یەکلایی کراونەتەوە.