ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

Kurd24

بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی ئاشکرا چۆن پێشتر ئاڵۆز بووە ئێستاش ئاڵۆزە، ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییەوە لە ناوچە جیاجیاکان لەوانە: یەمەن، سووریا و عێراق، دەست درێژییان زیاتر دەبێت. ئەم هێرشانە نەک تەنها هێزەکانی ئەمەریکا و فڕۆکەخانە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو هاوڵاتییانی مەدەنی کورد لە هەولێری پایتەخت کردە ئامانج و نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتەوە.

هەڵبەتە ئێمە خاڵێکی بچووکین لە چوارچێوەی ململانێ سیاسییەکانی وڵاتانی زلهێز، بەڵام ئەوەشمان بیر نەچێت هەڵکەوتەی سیاسی و جوگرافی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لێی دەڕوانرێت، بۆیە نەچوونە ژێرباری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ شەڕی بەوەکالەت، ڕەنگە هەر ئەمە هۆکار بێت بۆ ئەوەی جار و بار پرشکی ئاگری بەرکەوێت.

سەرەڕای پەرەسەندنی توندوتیژییەکان، وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار بووە، واتە لە ئاست زلهێزی وڵاتێکی وەک ئەمەریکا نەبووە، سنووردار بووە بە هێرشی ناوبەناو دژی بریکارەکانی ئێران لە سووریا و عێراق. ڕوونتر بڵێین هەوڵی پانکردنەوەی سەری ماری نەداوە، ئەم دوو دڵییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران، وامان نیشان دەدات پێشنیاری ڕێبازێکی وریایانە دەکات کە ڕەنگە پاڵنەرەکەی خواستی دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتر یان گەڕان بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا بێت، هێماکان ڕوونن هێندەی (ئەمەریکا وە ئێران) بە دروشم بەرپەچی یەکتر دەدەنەوە بە کردەیی ئەوەمان نەبینیوە.

ڕووداوەکانی ئەم دواییە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان نیشانداوە، تا کار گەیشتە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو وڵات بووە. وەک لە میدیاکان ئاماژەی پێدراوە هێرشەکانی ئێران ژمارەیان، زیاتر لە ٢٠٠ مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، ئەم هەنگاوە بۆ نیشاندانی  پەرەسەندنی تواناکانێتی و ئامادەیی ئێران بۆ هەر ئەگەر و تەحەدا کردنێکی نەیارەکانی لە ناوچەکەدا.

ڕۆڵی ئەمەریکا زۆر گرنگە بەڵام ڕوون نییە! وێڕای شەرمەزارکردنی دەست درێژییەکانی ئێران، خۆی لە کاردانەوەی ڕاستەوخۆ بەدوور گرتووە، ئەمەش وایکردووە ئامانج و پابەندبوونە ستراتیژییەکانی، لای زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی سەیر بێت. رەنگیشە ئەم هەڵوێستە ڕەنگدانەوەی خواستی هاوپەیمانان بێت! چونکە نە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەبینرێن! نە دوو دڵی بێت لە بەشداریکردن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازیدا.

لەگەڵ ئەوەی مەترسی پەرەسەندنی زیاتر و ململانێی ناوچەیی فراوانتر زۆرە، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی بەشداریکردنی چەندین وڵات و گروپی تر کە شەڕی بەوەکالەتیان پێ بکەن کە بەرژەوەندی کێبڕکێکارییان هەیە. وەک دەبینین تەنانەت عێراق ناتوانێ بەرگری لە سەروەری خۆی بکات، ئاسمانی وڵاتەکەی بەکار دەهێنێت بۆ شەڕی نێوان وڵاتان، کەچی ورتەی لێوە نایەت. هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو گرژییانەدا هەڵکەوتووە، واباشترە سیاسەتی میانڕەوەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخ ڕەچاو بکات نەک ببێتە بەشێک لەململانێیەکان.

لە غیابی هەوڵە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکان، ئاسۆی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاریک دەردەکەوێت. بەردەوامی توندوتیژی و ناسەقامگیری دەتوانێت زیاتر ناوچەکە ناسەقامگیر بکات و قەیرانە مرۆییەکان گەورەتر بکات و هەوڵەکان بۆ ئاشتی و گەشەپێدان تێکبدات.

چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ڕوانگەیەکی فرەلایەنە هەیە، کە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان و هاوکارییەکان تێکەڵاوییەکی ئالۆزمان نیشان دەدەن، لەو هەوڵانەی بۆ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی ململانێکان         هەن. بەبێ دیالۆگی مانادار و پابەندبوون بە چارەسەری ئاشتیانە، پێدەچێت سووڕی توندوتیژی و ناسەقامگیری بەردەوام بێت و لێکەوتەی قورسیش بۆ خەڵکی ناوچەکە، بەجێ بهێڵێت بە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشەوە.

هەرچەند وک مەزەندە کردن و واش دەبینرێت، ئەگەرچی باری ئابووری وە کۆمەڵایەتی خەلکی سڤیلی لە بارێکی ناهەمواردایە، بەڵام هێشتا ڕاستییەکان پێمان دەڵێت، ڕەنگە ئەو کاتە نەهاتبێت بۆ ئەوەی هەست بکەین، هەوڵێک هەیە بۆلەناوچوونی وڵاتی ئێران. چونکە وەک دەبینین زۆرێک لە وڵاتانی زلهێز هێشتا بەرپەچدانەوەی ڕاستەوخۆیان نەبووە، بەتایبەت لەلایەن ئەمەریکا. بۆیە لەناخەوە وا بخوازین ئەم ئاگرە زوو کۆتایی پێ بێت، گڵپە نەکات و وڵاتانی تر دزەیان پێنەکرێت و بێننە ناو ئەو شەڕی بەوەکالەتە.