عەللاوی: پێویستە بەرەیەکی میانڕەو بە بەشداریی کورد پێکبهێنرێت

"دەبێ حەشدی شەعبیی ببێتە بەشێک لە سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق"

ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە و سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق رایگەیاند پێویستە بەرەیەکی میانڕەو لە نەوچەکە بە بەشداریی کورد پێکبهێنرێت.

ئەیاد عەللاوی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراقیی راشیگەیاند کە:

"چاکسازییەکانی حکوومەت تەنها گرتنەبەری رێوشوێنێکی هەڕەمەکیی کەمردنەوەی خەرجین و هیچی دیکە، و نیازێک نییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی نیشتمانیی".

ئەیاد عەللاوی گوتیشی: "دەستوور پارچە پارچە کرا و ریسوا کراوە و پشتگوێ خراوە و یاسا و مەنتیق و سازانی نیشتمانیی پشتگوێ خراوە".

سەرۆکی هاوپەیمانیی وەتەنییە هاوکات داوای رێکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبیی کرد لە نێو ریزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق و دڵنیایی دا کە: "پەرلەمان لە دژی پرۆژە یاسای پاسەوانی نیشتمانیی وەستاوەتەوە".

ئەیاد عەللاوی جەختیشی کرد کە: "پێویستە بەرەیەکی سیاسی میانڕەو لە ئاستی عێراق و بە بەشداریی هاوبەشەکانی بەرەی میانڕەویی وەک دەستەی زانایانی موسڵمانان و کورد و حزبە چەپەکان و رێکخراوە عەرەبییەکان پێکبهێنرێت، بۆ رووبەڕووبونەوەی توندڕەوی لە ناوچەکە و پڕکردنەوەی بۆشایی سیاسیی".