ئاسۆ جەنگیی: رووسیا دەیەوێ بە كوردانی باكوور و رۆژئاوا شەڕی توركیا بكات

" ئەو بابەتەمان روونكرووەتەوە كە ھەرێمی كوردستان لە ساڵی نەوەدەكانەوە پەیوەندیی ئابووریی و بازگانیی نەوتیی لەگەڵ توركیا دەكات".

K24- مۆسكۆ

 

ئاسۆ جەنگیی تاڵەبانیی، نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووسیا رایگه‌یاند مۆسكۆ بە پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ کورد دەچێتەوە و دەیەوێ بە رێگەی كوردانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان شەڕی تورکیا بكات.

لە لێدوانێكی تایبەت بە (كوردستان24) ئاسۆ جەنگی گوتی: "مۆسكۆ بە پەیوەندییەكانیدا دەچێتەوە لەگەڵ كورد و دەیەوێ شەڕی توركیا بە رێگەی كوردەوە بكات بە تایبەتیی كوردانی باكوورو رۆژوئاوای كوردستان، چونكە ناتوانێ سەربازانی بنێرێتە ئەو ناوچانە".

سەبارەت بەو تۆمەتەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا خستییە پاڵ ھەرێمی كوردستان دەربارەی بازرگانیکردن بە نەوت لەگەڵ داعش، ئاسۆ جەنگی، گوتیشی: "بە رێگەی چەند كەناڵێكی راگەیاندنی رووسیا وەڵامی ئەو تۆمەتانەمان داوەتەوە و ئەو دەنگۆیەمان رەتكردووەتەوە، ئەو بابەتەمان روونكرووەتەوە كە ھەرێمی كوردستان لە ساڵی نەوەدەكانەوە پەیوەندیی ئابووریی و بازگانیی نەوتیی لەگەڵ توركیا دەكات".

لە بارەی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە بەھۆی مووشەكەكانی رووسیا، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە مۆسكۆ راشیگەیاند: "باوەڕناكەم ئەو مووشەكانە مەترسیان ھەبێت، چونكە پێشتر حیساب بۆ فڕۆكەی مەدەنیی كراوە، وەک دیارە مووشەکەکان مەترسیان بۆ گەشتە ئاسمانییەكانی ئێران دروست نەکردووە، کەچی كۆماری ئیسلامیی داوای راگرتنی مووشەكەكانی رووسیای نەكردووە؟.