زانيارى نوێ له‌ باره‌ى ره‌وشى مه‌رزى حاجى ئۆمه‌رانه‌وه‌‌

لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لە حاجی ئۆمەرانەوە، ده‌ربازى سنوورى هه‌رێمى كوردستان بوون.

K24 – ھەولێر:

لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر لە حاجی ئۆمەرانەوە، ده‌ربازى سنوورى هه‌رێمى كوردستان بوون.

له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان 24، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، مەسعوود باتێلی، رایگەیاند، لە دوو رۆژى رابردوودا، كە رێگای نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران لەو دەروازەیه‌ كراوەتەوە، زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی بارھەڵگر كە خۆراك و شتومەكیان باركردبوو، لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە ھاتوونە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان.

گوتیشی: "ئەو بارھەڵگرانە چەندین مادەی جیاوازیان باركردبوو، وەك میوە، سەوزە، ھێلكە، گۆشت، مریشك، ھەروەھا چەند مادەیەكی دیكەی خۆراك كە پێداویستی رۆژانەی ھاووڵاتیانن".

زیاتر لە ھەفتەیەك بوو بەھۆی بارینی بەفرێكی زۆرەوە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران داخرابوو، ئەمەش بووە ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخى ئەو خۆراك و شتومەكانەی لە ئێرانەوە ھاوردەی ھەرێمی كوردستان دەكرێن. دوای چەند رۆژێك راماڵینی بەفر لە لایەن تیمەكانی پاككردنەوەی رێگاوبان، لە دوێنێوە رێگاكە كراوەتەوە و ھاتن و چوون و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دەروازە دەستی پێكردووه‌ته‌وه‌.