رۆژنامەیەكی ئێران: دەرمانی سعودییە لە جۆری داعشییە

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران بەردەوامن لەسەر شیكردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و سعودییە،

K24:

رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران بەردەوامن لەسەر شیكردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و سعودییە، بابەتێكی دیكەی جێی بایەخی رۆژنامەكانی ئەمڕۆی ئێران، نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێرانە.

رۆژنامەی شەرق نووسیویەتی: "لەمێژە ھەستدەكرێت سعودییە بەرەوداڕمان دەچێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، ھۆكاری سستبوونی دەسەڵاتەكەیان نازانن. ئەوان تەنیا نەخۆشییەكە دەبینن، بەڵام لە ھۆكارەكەی ناكۆڵنەوە و پێیانوایە دەتوانن بە هاوشێوەی جاران نەخۆشییەكانیان چارەسەر بكەن. گولەبارانكردن، لەسێدارەدان و بە تایبەت گۆشاوگۆش سەربڕینی ئەو كەسانەی كە وەك ئەوان بیرناكەنەوە نەخۆشییە ئەوانە، دەرمانی ئەوان بۆ دەردەكانیان لە جۆری چەنگیزی تەیمووریی و داعشییە".

لێكۆڵینەوەی ورد بۆ كاندیدەكان نەكراوە

رۆژنامەی جەوان سەر بە سوپای پاسداران، رەخنەی لە زۆریی ژمارەی ئەو كاندیدانە ھەیە كە بە فیلتەرەكان تێپەڕیون و نووسیویەتی: وەزارەتی ناوخۆ زیاتر لە 90%ی كاندیدەكانی قەبووڵكردووە و تەنیا 6%ی رەتكردووەتەوە. ئەو رۆژنامەیە نووسیویەتی: "لێكۆڵینەوەی دروست و ورد بۆ كاندیدەكان نەكراوە، ئەگینا لە ھیچ خولێكی ھەڵبژاردندا ئەو ژمارە زۆرە بە فیلتەرەكانی لایەنی بەرپرسدا تێنەپەڕیوە".

رۆژنامەی كەیھان (پارێزگاران) نووسیویەتی: لە خوولەكانی پێشووی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دوو لایەنی "ھەڵگری بەرپرسیارێتی" و "خۆشبین" ھەرچەندە جیاوازی بنەڕەتیان لەگەڵ یەكتر ھەبوو، بەڵام لەسەر یەك خاڵ كۆكبوون و پێیانوابوو ئەگەر بەرامبەر وڵاتانی زلھێز نەرمیی بنووێنن، كێشەكان چارەسەر دەبن و دەرگاكانی ئابووریی و نێودەوڵەتییان بەڕوودا دەكرێتەوە.

بە گوتەی ئەو رۆژنامەیە، ھاشمی رەفسەنجانیی، محەممەد خاتەمیی و حەسەن رووحانیی لەو نموونانەن كە وەك یەكدیان ھەڵسووكەوتكردووە و نووسیویەتی: "پێداچوونەوە بە ئاكاری وڵاتانی گەورە و بچووك لەگەڵ ئەو سێ سەرۆك كۆمارە بۆ ئەزموون وەرگرتن بەسە".

ئێران وڵاتی دیكە بۆ بازرگانی دەدۆزێتەوە

وتارێكی رۆژنامەی مەردم سالار باسی دابەزینی ئاستی پەیوەندییە دیپڵۆماتیكەكانی ئێران لەگەل وڵاتانی ناوچەكە و كاریگەری لەسەر ئابووری ئێران كردووە و گوتوویەتی:" پچڕاندنی پەیوەندی وڵاتانی عەڕەبی لەگەڵ ئێران كاریگەری لەسەر ئابووری ئێران نابێت، چونكە ھەمووان خۆیان لاوازن و ئێران زۆر بە ئاسانی دەتوانی وڵاتی دیكە بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی راكێشێت.

ئابووریی ئێران پێویستی بە نەشتەرگەرییە

نووسەری سەروتاری رۆژنامەی جیھانی سەنعت تایبەت بە ئابووریی ئێران نووسیویەتی: "ئەزموونی چەند دەیەی رابردوو، چ پێش گەمارۆكان و چ دوای گەمارۆكان ئەو رێكارانەی كە بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئێران لەبەرچاو گیراوە، وڵامدەر نەبووە، بۆیە ناچارین نەشتەرگەرییەكی گەورە لە ئابووری ئێراند بكەین، بەڵام ئەو نەشتەرگەرییە بە دانانی بەرنامەی پەرەپێدانی پێنج ساڵە یان تایبەتكردنی بووجەی گەورە ناكرێت". ئەو نووسەرە پێیوایە:" كەرتی تایبەت چارەسەرە، بێكاری كەمدەكاتەوە، بەرھەمی خۆمالی زیاد دەكات و ئەوەش باشترین نەشتەرگەرییە".