ئێران 47 رێككەوتننامەی لەگەڵ ئیتالیا و فەرەنسا واژوو كرد

لەسەرەتای ھاتنەسەر سەركاری حەسەن رووحانی زیاتر لە 2000 كەس لەسێدارەدراون

K24 – تاران:

سەرۆك كۆماری ئێران حەسەن رووحانی، دوای گەشتێكی 5 رۆژە بۆ وڵاتانی ئیتالیا و فەرەنسا، ئەمڕۆ گەیشتەوە فڕۆكەخانەی نیودەوڵەتی تاران.

حەسەن رووحانی ھاوڕێ لەگەڵ وەفدێكی 120 كەسی كە زۆربەیان بازرگان بوون، بە مەبەستی پتەوكردنی پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی لەگەڵ ئەو وڵاتانە گەشتێكی 5 رۆژەیان ئەنجام داوە.

رووحانی لەو گەشتەدا سەرەتا چووە ئیتالیا و چاوی بە پاپای ڤاتیكان كەوت، ھاوكات 17 رێككەوتننامەی ھاوكارییان لەگەڵ وڵاتی ئیتالیا واژوو كرد.

ئەو رێككەوتننامانە بوارەكانی تەندرووستی، گه‌شتوگوزار، وزە و رێگاوبان دەگرێتەوە.

سەرۆك كۆماری ئێران دوای ئیتالیا سەردانی فەرەنسای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دیدار و چاوپێكەوتنی ئەنجامدا.

لە گەشتەكەی رووحانی بۆ فەرەنساش 20 رێككەوتننامەی ھاوكاری ھاوبەش لە بواری دارایی، پیشەسازی، ئابووریی، ژینگە و كەشوھەوا واژوو كرا.

ھاوكات بەشی كەرتی تایبەتی ئێران و فەرەنسا لەو سەردانەدا 10 رێككەوتننامەی ھاوكارییان واژوو كرد، كڕینی 118 فڕۆكەی ئێرباس بە بڕی 25 ملیار دۆلار بە گرنگترین رێككەوتننامەی نێوان ئێران و فەرەنسا ھەژمار دەكرێت.

ئەوە لە كاتێكدایە بەر لە سەردانەكەی رووحانی بۆ فەرەنسا زیاتر لە 40 كەسایەتی دیاری فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا، ناڕەزایەتی خۆیان بەو سەردانەی رووحانی دەربڕی و رایانگەیاند: "لەسەرەتای ھاتنەسەر سەركاری حەسەن رووحانی وەكوو سەرۆك كۆمار، زیاتر لە 2000 كەس لەسێدارە دراون و پێشێلكاری مافی مرۆڤ لە ئێران بەردەوامە".

ھاوكات ژمارەیەكی بەرچاو لە ئێرانییەكانی دانیشتووی فەرەنسا بە مەبەستی نارەزایەتی دەربڕین بە سەردانەكەی رووحانی بەو ئەو وڵاتە خۆپێشاندانێكیان ئه‌نجامدا.