گۆڕان و یه‌كێتیی پێداگیریی له به‌شداری راسته‌قینه‌ی كورد له به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه
K24 – سلێمانی:
شاندێكی باڵای یه‌كێتيی نیشتمانيی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له شاری سلێمانی كۆبوونه‌وه و دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ش شۆرش حاجی گوته‌بێژی فه‌رمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا، هه‌ردوولا پێداگرییان له به‌شداری راسته‌قینه‌ی كورد له به‌غدا كرده‌وه.
شۆرش حاجی گوته‌بێژی فه‌رمیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان گوتی: "هاوڕابووین له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی گرینگ به كورتی كه باسی بكه‌م ئه‌وانه‌یه، ئێمه پێداگریمان له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه كه ده‌بێ ئێمه له به‌غدا وه‌ك كورد وه‌كوو نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م له عێراق ئێمه شه‌ریك بین له حوكمڕانی عێراق له بڕیاری سیاسیی له حوكمڕانی هه‌موو داموده‌زگاكانی عێراق".
شۆرش حاجی گوتیشی: "خاڵی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه ئێمه پێداگریمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه كه ئێمه پشتیوانیی له هه‌موو هه‌نگاوێكی چاكسازیی ده‌كه‌ین له‌هه‌ر شوێنێك بنرێ ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌كان شامیل بێت وه هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان بگۆڕێن ئه‌وا ئێمه‌ش وه‌كوو لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌رلایه‌نه له‌و پشكه‌ی كه به‌ریكه‌وتووه كاندید پێشكه‌ش بكات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌زیره‌ی كه لا ئه‌چێت".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ره‌چاوی ئیستیحقاقی ئینتیخابی ئه‌و لایه‌نه سیاسییه كوردستانیانه‌ش بكه‌ین كه له به‌غدان و له كابینه‌ی حكوومه‌ت له وه‌زاره‌تا نین"
له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گوتی: "ئه‌و له‌سه‌دا 20 باسكراوه كه زه‌مانه‌تی موشاره‌كه‌ی حه‌قیقی له رووی به‌شه‌رییه‌وه ئه‌كا پارێزراو بێ، وه له رووی نه‌وعیشه‌وه ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی كه به‌ر كورد ئه‌كه‌وێ ئیستیحقاقی راسته‌قینه‌ی كوردبێ وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی دووهه‌م".