لە ئامەد ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بارەگایەكی سەربازی كردە ئامانج

"كوژراو و برینداری لێكەوتەوە"

K24 - ھەولێر:

لە ناوچەی ھێنەی شاری ئامەدی باكووری كوردستان، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو بارەگایەكی سەربازی كردە ئامانج لە ئەنجامدا ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.

بە گوێرەی زانیاری میدیاكانی توركیا: "درەنگانی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی ھێنەی شاری ئامەد، بارەگایەكی سەربازیی سوپای توركیای كردە ئامانج و دوای تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكە شەڕێكی سەخت روویدا و لە ئەنجامدا، سەربازێك كوژراوە و 47 كەسی دیكەش برینداربوون، كە 39 یان سەربازن".

ھەرچەندە تا ئێستا ھیچ گرووپ و لایەنێك بە فەرمی بەرپرسیاریەتی خۆیان لە تەقینەوەكە رانەگەیاندووە، بەڵام میدیاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە بارەی تەقینەوەكە نووسیویانە: " له ‌چالاکیه‌کی شه‌وی رابردوو له ‌به‌رامبه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌کی سوپای تورك لایه‌نی که‌م 11 ئه‌ندامی تیمی تایبه‌تی تورك کوژران و به‌ده‌یان سه‌ربازی تورکیش بریندار بوون".

بە پێی زانیاری میدیاكانی پەكەكە، ئەو سەربازگەیە له‌سه‌ر رێگای هێنێ ـ لیجه‌، لە شاری ئامەد دوای تەقینەوەكە چەندین كاتژمێر شه‌ڕ بەردەوام بووە و بە چڕی سەربازگەكەی سوپای توركیا گولـله‌باران کراوە".