توركیا چاوەڕێ دەكات حوزەیرانی داھاتوو ھاووڵاتیانی بێ ڤیزە سەردانی ئەوروپا بكەن

ئەنقەرە چاوەڕێ دەکات ھەتا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داھاتوو، ڤیزای شنگن بۆ ھاوولاتیانی تورکیا نەمێنێت

K24 – ھەولێر:

بەرپرسێکی باڵای تورکیا رایدەگەیەنێت ئەنقەرە چاوەڕێ دەکات، یەکێتی ئەوروپا مانگی حوزەیران، ڤیزای شنگنی تایبەت بە وڵاتانی ئەوروپا، بەرووی ھاوولاتیانی تورکدا بکاتەوە.

ڤۆلکان بۆزکیر، وەزیری کاروباری ئەوروپای تورکیا، رایگەیاند کە حکوومەتی ئەنقەرە چاوەڕێ دەکات ھەتا کۆتایی مانگی حوزەیرانی داھاتوو، ڤیزای شنگن بۆ ھاوولاتیانی تورکیا نەمێنێت و لەوبەروارەوە تورکەکان ئازاد دەبن بەوەی بێ ڤیزا سەردادنی ولاتانی ئەوروپا بکەن.

قسەکانی بۆزکیر لەدوای کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا بێرت کۆندەرس، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ئێستا ھۆڵەندا سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپای لەلایە و دوا بڕیار ھەڵگرتنی ڤیزای شنگن بۆ تورکەکان دەگەڕێتەوە بۆ ھۆڵەندییەکان.

لابردنی مەرجی ڤیزا بۆ تورکەکان لەچوارچێوەی رێککەوتنی یەکێتی ئەوروپایە لەگەڵ تورکیا لەمەڕ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانە لە ئەوروپا کە تورکیا بەرامبەر بە لابردنی ڤیزای شنگن رازی بووە پەنابەرە رەوانەکراوەکانی ئەوروپا وەربگرێتەوە.