رزگاربوێكی ئەنفال: پێنج رۆژ جلی ئافرەتانم لەبەر كرد

"براكەم ئاوڕیدایەوە لێیاندا ودەستیان شكاند بۆ دواجاربوو براكەم ببینم"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/53fdd2bd-8f84-4c2e-a5cf-fce54191d847/rizgar%20buy%20enfal.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

 لە گەڵ یادی 28 سالەی ئەنفاڵی گەلی كورد، یەكێك لە رزگار بوانی ئەم شاڵاوە لە دەڤەری گەرمیان، دوای چەندین ساڵ تێپەربوون بە سەر ئەم كارەساتە، جیا لەوەی برینەكانی جەستە و رۆحی سارێژ نەبووە ناخۆشییەكانی ژیان و ئاوارەیی و دەربەدەریش بووەتە ھەوێنی ژیانی ئێستای، ئەو بە دەم گریان و ھەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ئەلبومی كەسوكاری یادەوەرییەتاڵەكانی دەگێڕێتەوە.

سامان خورشید، تەمەنی 46 ساڵە، لە كاتی ئەنفال ئەو تەمەنی 18 ساڵ بوو لەگەڵ چوار لە ئەندامانی خێزانەكەی دەكەونە بەر شاڵاوی نا مرۆڤانەی ئەنفال، ئەو بە دەم ھەڵدانەوەی لاپەرەی ئەلبوم بیرەوەرییە تاڵەكانی ئەنفالی دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "ئەو كات براكەم لەگەڵم بوو نان لە ناو گیرفانم بووم نانم دا بە ئەو گوتم، بەڵام من زۆر تینوم، روخسەتم لە باوكم خواست پێم گوت دەڕۆم بزانم ئاو نادۆزمەوە، لە ناو تراكتۆرێك دەبەیەكی ئاوم دۆزیەوە كە ئاوەكەم خواردەوە ھۆشم نەما نازانم چیم بەسەرھات و كەسێك بە باوكمی گوتبوو سامان تیزابی خوارد".

بەدەم گریانەوە باسی ناخۆشترین چركە ساتی ژیانی  دەكات  كە چۆن  دواجار برا گەورەكەی دەبینێ  و چیرۆكی رزگاربوونی دەگێرێتەوە سامان، گوتی: "نزیكەی پێنج رۆژ جلی ئافرەتم لەبەر بوو لە ناو ئافرەتەكان بووم، ناخۆشترین سات ئەو كاتە بوو لە كۆمەڵگەی تۆپزاوە براكەم بینی، من جلی ئافرەتانم لەبەربوو براكەم بۆ توالیت ئەڕۆیشت، بانگم كرد گوتم، عوسمان ئاوڕیدایەوە لێیاندا و دەستیان شكاند ئەوە دواجاربوو براكەم بینی و ناخۆشترین كات بوو بەلامەوە".

ئەنفال و جینوسایدكردنی كوردان لە باشووری كوردستان لە 14/4/1988، لە لایەن رژێمی بەعسی عێراق دەستی پێكرد،  بە چەندین قۆناغ ھەوڵی قركردنی گەلی كوردی دا، جگە لە وێران و تاڵان كردنی ھەزاران گوندی كوردستان، رژێمی بەعس زیاتر لە 180ھەزار ھاووڵاتی كورد زیندەبەچاڵ كرد و بە ھەزاران كەسی دیكە لە ناو زیندانەكانی عێراق لە ژێر ئەشكەنجە و ئازار گیانیان لە دەستدا.