مێركل قوتابخانەیەك و نەخۆشخانەیەك لە كەمپێكی پەنابەران دەكاتەوە لە توركیا
K24 – ھەولێر:
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای یەکێتی ئەوروپا بگاتە توركیا بۆ ئەوەی لەنزیکەوە ئاگاداری رەوشی پەنابەران و ئاوارەکانی سووریا بێت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەنقەرە کۆببێتەوە.
بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، ئەمڕۆ مێرکڵ شان بە شانی دۆناڵد تاسک، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا و فرانس تێمەرمانس، جێگری سەرۆکی کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا دەگەنە شاری غازی عەنتابی باکووری کوردستان و لەوێ ئەو شاندە باڵایەی ئەوروپا سەردانی چەند کامپێکی پەنابەران دەکەن و ھەر لەو شارە لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا کۆدەبنەوە و باس لە رێککەوتنی ئەم دوایەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا دەکەن.
بڕیارە لەو سەردانەشیدا، مێرکڵ ھاوکارییە مادییەکانی یەکێتی ئەوروپا پێشکەش بە پەنابەران بکات و لە یەکێک لە کامپەکانی پەنابەران قوتابخانە و نەخۆشخانەیەک بکاتەوە.
بڕیارەیشە ئەنجێلا مێرکڵ بۆ ماوەی سێ رۆژ لە تورکیا بمێنێتەوە.