نێچیرڤان بارزانی: واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی پشتگیرییە بۆ کوردستان

"ھەبوونی IFC لە ھەرێمی كوردستان معنەویەتی بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر زیاترە لە قەرز و پارە، ئەمە جۆرێكی دیكەی پشتگیری و دڵنیایی نێودەوڵەتییە و ھاندەرێكی دیكەیە بۆ ھەرێمی كوردستان".
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/945b6bb3-7b5d-47e9-a85c-73877868f946/gutari%20nechirvan%20barzani.ism/manifest

K24- ھەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی واژۆكردنی رێککەوتنی وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی بە كۆمپانیای ماس گڵوباڵ رایگەیاند، واژۆكردنی گرێبەست لەگەڵ دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی پشتگیرییەكی گەورەیە بۆ داھاتووی كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "واژۆكردنی گرێبەستی نێوان ئەندامێكی گرنگی بانكی نێودەوڵەتیی و ئەندامێكی دیاری كەرتی تایبەت لە ھەرێمی كوردستان، دامەزراوەی تەمویلی نێودەوڵەتیی  IFC ، کە ئەندامێکی دیار و کارای گرووپی بانکی نێودەوڵەتییە، بە بڕی 375 ملیۆن دۆلار پرۆژەی فراوانکردنی وێستگەی کارەبای سلێمانی تەمویل دەکات".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "حكوومەت ھەوڵدەدات ئەوەی لە توانایدابێت، بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لە كەرتی گشتییەوە بگوازێتەوە بۆ كەرتی تایبەتی، حكوومەت زەمینەی لە باری رەخساندووە، بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی لە ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی كوردستان بگێڕێت، زەمینەی لەبارمان رەخساند بۆ پڕۆژەكانی وەبەرھێنان، لە ئەنجامی ئەو كارانە، كەرتی تایبەت بووە، دینەمۆی گەورەی بنیاتنان و گەشەپێدانی كوردستان".

ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: "ئەمە بەڵگەیەكی روونە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان مامەڵەیەكی دروست و سەركەوتووانەی لەگەڵ كەرتی تایبەتدا كردووە، كەرتی تایبەت لە ھەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز، ئەمە وایكردووە، دامەزراوەی تەمویلی نێودەوڵەتی IFC ھاوشێوەكانیان لە دەزگا گرنگە نێودەوڵەتییەكان پێوەر و ھەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ ھەر ھەنگاوێكی لەم جۆرە ھەیە، ئەوان وا بە ئاسانی ناچنە ژێر باری قەرز، ھەبوونی IFC لە ھەرێمی كوردستان معنەویەتی بۆ ھەرێمی كوردستان زۆر زیاترە  لە قەرز و پارە، ئەمە جۆرێكی دیكەی پشتگیریی و دڵنیایی نێودەوڵەتییە و ھاندەرێكی دیكەیە بۆ ھەرێمی كوردستان".