بە ھۆكارێكی نادیار كەسێك لە دھۆك كوژرا

تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادی دھۆك كراوە
شوێنی رووداوەكە
شوێنی رووداوەكە

K24 – دھۆك

درەنگانی شەوی رابردوو كەسێك لە نزیك دھۆك كوژراوە، تائێستا ھۆكاری كوشتنی ئەو كەسە دیار نییە و ناسنامەكەشی ئاشكرا نەكراوە.

مەسعود محەمەد، پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "ئەو رووداوە درەنگانی شەوی رابردوو لە ئێنیكێ لە نزیك دھۆك روویداوە، سەرەتا چەند سەرچاوەیەك ئاماژەیان بەوەكرد، كە ئەو كەسە بە داس كوژراوە، بەڵام دوای ئەوەی چووینە شوێنی رووداوەكە چەند پۆلیسێك لەو شوێنە بوون رەتیان كردەوە كە بە داس كوژرابێت، بەگوتەی ئەوان گومان دەكرێت ئۆتۆمبێل لێیدابێت، خوێنێكی زۆر لە شوێنی رووداوەكە رژاوە".

پەیامنێرمان گوتیشی: "تائێستا ناسنامەی ئەو كەسە ئاشكرا نەكراوە و كەس نازانێت خەڵكی كوێیە و بەم درەنگانی شەوە بۆ لەو شوێنە بووە".

راشیگەیاند: "لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە و تەرمی ئەو كەسە رەوانەی پزیشكی دادی كراوە".