بەشیر حەداد سەبارەت بە شایستە داراییەكانی جوتیارانی ھەرێم نووسراوێكی توندی ئاراستەی کازمی كرد

به‌شیر حه‌داد: تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان لە لایەن حکومەتەوە وەرنەگرتووە
بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – ھەولێر:

رۆژی شەممە رێککەوتی 2021/1/23، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، نوسراوێکى توندی ئاراستەی مستەفا کازمی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كرد و داوایكرد، شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

لە نووسراوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە كردووە، لە ساڵانی رابردوودا بە تایبەت، لە ساڵی 2019، چەندین جار نووسراویان ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ کردووە، تاوەکو شایستە داراییەکانی جوتیاران خەرج بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکمان لە لایەن حکومەتەوە وەرنەگرتووە.

دکتۆر بەشیر حەداد، ئاماژە بەوەش كردووە، وەڵام نەدانەوەی نووسراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لایەن حکومەتەوە، پشێلکردنی ماددەی (61/حەوت/ا)ى دەستووری عێراقە و ماددەی 15ى یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، و گوێ نەدانه به رۆڵى پەرلەمان و کەمتەرخەمیکردنە بەرامبەر بە کار و داخوازییەکانی هاووڵاتیانی عێراقی.

لە نووسراوەکەدا، دکتۆر بەشیر حەداد داوا دەکات، زۆر بەخێرایی وەڵامی داواکاری جوتیارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بدرێتەوە و بەزووترین کات شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت و هۆکاری راگرتن و پێنەدانی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ پەرلەمان روون بکرێتەوە.

نووسراوی بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەی شایستە داراییەكانی جوتیارانی ھەرێم
نووسراوی بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بارەی شایستە داراییەكانی جوتیارانی ھەرێم