کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر پێشبڕکێیەکی فۆتۆگرافی رێکدەخات
K24- هەولێر:
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، پێشبڕکێی فۆتۆگرافی بە ناونیشانی ''ھەمەجۆری کەلتووری بپارێزە'' رێکدەخات کە لە ئەمڕۆوە تاوەکو 7ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی کونسوڵخانە: "مەبەست لەم پێشبڕکێیە تیشکخستنە سەر ھەوڵەکانی حکومەتی ئەمریکایە لەگەڵ ھاوبەشە کوردستانیەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە شوێنەوارە کەلتووری و کەلەپووریە ناوازەکان''.
لە بڵاوکراوەکە هاتووە: "لیژنەیەک لە فۆتۆگرافەری پیشەگەری نایاب فۆتۆ وەرگیراوەکان ھەڵدەسەنگێنێت''.
کونسوڵخانەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە، بنەماکانی هەڵبژاردنی فۆتۆکان بریتین لە: "شێوازی ھونەری و جوانی فۆتۆکان، رێکخستنی فۆتۆیی (کۆمپۆزیشن)، ناوازەیی و داھێنان، و ناوەڕۆکی فۆتۆکان".
مەرجەکانی پێشبڕکێکە:
- ھەموو ئەوانەی کاری فۆتۆگرافەری دەکەن وەک خولیای کەسیی خۆیان یاخود پیشەگەرن لە بوارەکەدا دەتوانن بەشداربن لە پێشبڕکێکەدا بە بێ ڕەچاوکردنی تەمەن و ڕەگەز.
- فۆتۆکان پێویستە پەیوەندیداربن بە کەلتوور و کەلەپووری ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری. لەگەڵ ھەر فۆتۆیەکدا پێویستە کورتەیەک دەربارەی شوێنی فۆتۆکە و کاتی گرتن و پەیوەندیداری فۆتۆکە بە بابەتی پێشبڕکێکەوە بنێردرێت.
- بەشداربووان دەتوانن ھەموو جۆرە کامێرایەکی وەک پین ھۆڵ، کامێرای فیلمدار، دی ئێس ئێل ئاڕ، پۆینت ئاند شوت یاخود کامێرای سمارتفۆن بەکاربھێنن. ھەر بەشداربووەک دەتوانێ تا ٣ فۆتۆ بنێرێت.
پێویستە فۆتۆکان لە لایەن خودی بەشداربووەکەوە گیرابن و ھیچ ھێمای خاوەندارێتی (وۆتەر مارک) و ئیمزا و نیشانەیەکیان لەسەر نەبێت و پێشتر بڵاونەکرابنەوە مەگەر لەسەر لاپەرەی کەسیی فۆتۆگرافەرەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابنەوە.
- باشترکردنی فۆتۆکە بە پڕۆگرام لەم لایەنە بنەڕەتیانەوە ڕێگەپێدراوە: گونجاندنی ڕەنگەکان و ڕوناکی، باڵانسی ڕەنگەکان، تیژکردن (کەمکردنەوەی لێڵی)، و بڕین. ھانتان نادەین بۆ دەستکاریکردنی فۆتۆکان بە پڕۆگرامی تایبەت.
- پێویستە فۆتۆکان بە دیاریکراوی لە نێوان ٩ ی مانگی ئادار بۆ ٧ ی مانگی نیسانی ٢٠٢١ بنێردرێن بۆ ئەم ئیمێڵە [email protected] و پێویستە ناوی سیانی و ژمارە تەلەفۆنی فۆتۆگرافەرەکەیان لەگەڵدابێ.
- بە ناردنی فۆتۆکان بۆ ئێمە، بەشداربووان ڕەزامەندی دەردەبڕن کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مافی بەکارھێنانی فۆتۆکانی ھەیە بە ئازادی لە ھەر بڵاوکراوەیەک و لە نێویشیاندا بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکاندا.
- خەڵاتەکان پۆلێنکراون بۆ دوو جۆر: ئەو فۆتۆیانەی بە کامێرای مۆبایل گیراون و ئەوانەی بە کامێرای تر گیراون.
خەڵاتەکان بۆ ئەو فۆتۆیانەی بە کامێرای مۆبایل گیراون.
خەڵاتی یەکەم: ئایفۆن ١٢ پڕۆ ماکس و خولێکی ڕاھێنان لە ئاژانسی میترۆگرافی و ئاڕمی یادەوەری کونسوڵخانە (ناو و ڕەمزی کونسوڵخانە لەسەر پارچەیەک کانزای بازنەیی بچووک).
خەڵاتی دووەم: خولی ڕاھێنان لە ئاژانسی مێترۆگرافی و کتێبێک و ئاڕمی یادەوەری کونسوڵخانە.
خەڵاتی سێھەم. خولی ڕاھێنان لە ئاژانسی مێترۆگرافی و ئاڕمی یادەوەری کونسوڵخانە.
خەڵاتەکان بۆ ئەو فۆتۆیانەی بە کامێرای تر گیراون, جگە لە کامێرای مۆبایل.
خەڵاتی یەکەم: کامێرای کانون ٥ دی، مارک ٤، خولی ڕاھێنان لە ئاژانسی مێترۆگرافی و ئاڕمی یادەوەری کونسوڵخانە.
خەڵاتی دووەم: خولی ڕاھێنان لە ئاژنسی مێترۆگرافی وکتێبێتک و ئاڕمی یادەوەری کونسوڵخانە.
خەڵاتی سێھەم: خولی ڕاھێنان لە ئاژانسی مێترۆگرافی و ئاڕمی یادەوەری کونسوڵخانە.
- لەوانەیە دادەوەرەکان خەڵات لە شێوەی ئاڕمی یادەوەری کونسوڵخانە بدەن بە بژاردەیەک لە خاوەنی فۆتۆکانی بەشداربووی ھەردوو پۆلێنەکە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان لە سۆشیەڵ میدیای کونسوڵخانە و سۆشیەڵ میدیای جیاوازی تر. واتە ئەوانەی فۆتۆکانیان خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێھەم نابەنەوە بەڵام فۆتۆکانیان شایەنی خەڵاتکردنن.
- ھەموو براوەکان لەلایەن کونسوڵخانەوە بڕوانامەیان پێدەدرێت.