شاندێکی گەشتوگوزار بەشداریی لە پێشانگەی بازاڕی گەشتیاری عەرەبی لە دوبەی دەکات

پێشانگەی بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی لە دوبەی
پێشانگەی بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی لە دوبەی

K24 - هەولێر

شاندێکی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە یاوەریی ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری کوردستان، بەشداریی لە پێشانگەی بازاڕی گەشتیاریی عەرەبی (ATM) دەکەن کە بڕیارە لە رۆژانی 6 تا 9ـی ئایار لە شاری دوبەی ئیمارات بەڕێوە بچێت.

پێشانگەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاری وڵاتان بەڕێوە دەچێت و بە یەکێک لە پێشانگە هەر گرنگەکانی جیهان لە بواری گەشتیاری ئەژمار دەکرێت، هاوکات بۆ یەکەمین جاریشە زیاتر لە 70 کۆمپانیای گەشتیاری و فرۆکەوانیی هەرێمی کوردستان هاوشانی شاندی گەشتوگوزار لە ستاندی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن.

ئامانج لە بەشداریی بریتیە لە ناساندن و بەبازاڕکردن بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئاشناکردنی بەشداربووانی پێشانگا بە سروشت و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بنیادنانی شارستانیەت و درووستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان و وڵاتانی بەشداربوو بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران.