(18) ساڵ لەمەوبەر پەیكەری "سەدام حوسێن" لە بەغدا ھێندرایە خوارەوە

"دوای رووخانی بەعس كورد دەستكەوتی گەورەی بەدەستھێنا"
خستنی پەیکەری "سەدام" كۆتایی رژێمی به‌عس بوو
خستنی پەیکەری "سەدام" كۆتایی رژێمی به‌عس بوو

K24 - هه‌ولێر:

ھەژدە ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعس و خستنی پەیکەری سەددام حوسێن تێپەڕ دەبێت، شارەزایان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، روخانی رژێمی بەعس زۆر دەستکەوتی بۆ کورد ھەبوو، لەوانە دەستووری عێراق و چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی و رزگاربوونی کوردستان لە دەست دڕندانەترین و دیکاتۆرترین رژێم، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئێستاش لە بەغدا ھەمان سیاسەت دژی کوردستان دەگیرێتەبەر.

خستنی پەیکەری سەددام حوسێن، دیمەنی کەوتنی یەکجاری دەسەڵاتی دیكتاتۆری رژێمی عێراق بوو، کە بەرامبەر کورد دەستی لە ھیچ  شتێک نەپاراست، لە (9ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2003)دا ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی و پێشمەرگە بە تەواوەتی رژێمی بەعسیان لە ناو برد و پەیکەرەکەی سەدام حوسێنی دیكتاتۆر، لەلایەن خەڵک و ھاوپەیمانانەوە روخێنرا، (18) ساڵ بەسەر ئەم روداوە تێدەپەرێت، سەددام و رژێمی بەعس لە ماوەی (35) ساڵی تەمەنیدا، بە دڕندانەترین شێوە کوردستانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید کرد، کە لە مێژوودا بە دیکتاتۆرترین رژێم ناسێنراوە.

لە روخانی رژێمی بەعس کورد شانبەشانی ھاوپەیمانان شەڕی کرد، دواتر رۆڵی سەرەكی ھەبوو لە بنیاتنانەوەی عێراق لە پێکھێنانی ئەنجومەنی حکوم و نووسینەوەی دەستوور، کە یەکێکە لەو دەستکەوتانەی لەدوای رژێمی بەعس بە گەورەترین دەستکەوت ھەژمار دەکرێت، دواتر توانی عێراق لە سیستەمی دیکتاتۆرییەوە بگۆڕێت بۆ ئەم قۆناغە، کە ئێستا عێراق بووەتە سیستەمی فیدراڵی، ئەمە جگە لەوەی کورد رزگاری بوو لە دیکاتۆرترین رژێم، كه‌ رژێمی بەعسه‌.

رژێمی عێراق بە سەرۆكایەتی سەدام حوسێن، لە (35) ساڵ تەمەنیدا، کوردستانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید كرد و ھەزاران گوند و شار و شارۆچکەی وێران كرد و تەعریب و تەبعیسیش یەکێک بوو لەو تاوانانەی دژی کوردستان ئەنجامی دەدا، بە رای چاودێرانی سیاسی دوای (18) ساڵ لە رووخانی رژێمی بەعس، ئێستاش بەشێك لە دەسەڵاتدارانی عێراق لەسەر ھەمان سیاسەتی رژێمی رووخاوی بەعس مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەكەن.

 

د.ی