چەند كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی كوردستان
K24 – ھەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر ئاشكرای كرد، بەم نزیكانە چەند كاروانێكی دیكەی دوو جۆر ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی كوردستان.
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لەم ھەفتەیە كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی سینۆفارم دەگاتە ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا ھەفتەی داھاتوو كاروانێكی دیكەی ڤاكسینی فایزەر دەگات، كە ھەزار و 170 ژەم ڤاكسینە".
روونیكردەوە: "ھاتنی ڤاكسینی فایزەر بۆ ھەرێمی كوردستان بە ماوەی ھەشت ھەفتە دەبێت، سەنتەری رزگاری لە ھەولێر، لە ماوەی ئەم ھەشت ھەفتەیە شەش جار وەریدەگرێت، ئێستا كاروانێكی وەرگرتووە و تەواو ڤاكسینەكان بەكارھێنراون".
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر، باسی لەوەشكرد: "لە كاروانی داھاتووی ڤاكسین بەشێكی دەدرێت بە قەزاكانی كۆیە و سۆران".
ئاماژەی بەوەشكرد: "بە گشتی لە سنووری پارێزگای ھەولێر 19 ھەزار و 500 ژەم ڤاكسین بەردەست بوو، نزیكەی 15 ھەزار ژەمی بەكارھێنراوە و پرۆسەكە بەردەوامە".
د. دلۆڤا، گوتی: "ڤاكسینی ڤایزەر داواكاری زیاتری لەسەر بوو لە ھەمانكاتدا بڕەكەشی كەمتربوو، بۆیە ئێستا لە ھەولێر نەماوە، تەنھا كەمێك لە سۆران ماوە".