پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی

قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی ڕاستەقینە ‌و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانانی کوردستان، لە ڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، ڕێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن.
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕینی 123 ساڵ به‌سه‌ر ده‌رچوونی یه‌كه‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌ی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بزاڤی رۆژنامەوانیی، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ رەخساوە و پێی ناوەتە قۆناخێكی پێشکەوتوو".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی راستەقینە ‌و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە رۆژنامەوانانی کوردستان، لە رێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، رێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌

بە بۆنەی ڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بە سەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان، کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزبايیەكی گەرم لە سەرجەم راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم.

ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بزاڤی رۆژنامەوانیی، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ رەخساوە و پێی ناوەتە قۆناخێكی پێشکەوتوو، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، سەدان دەزگای هەمەجۆری راگەیاندن هەن و بەوپەڕی ئازادییەوە، کاری خۆیان دەکەن  و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بە شانازییەوە، كاری بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی ئازادی میدیایی و دیموكراسیی کردووە و هەمیشە پەرۆشی رەخساندنی کەشێکی گونجاو بووە بۆ کاری رۆژنامەوانیی.

قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی راستەقینە ‌و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە رۆژنامەوانانی کوردستان، لە رێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، رێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەرپرسانە مامەڵە لە گەڵ پیشەکەیان بکەن و پەیامەکەیان، لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت.

لەم یادەدا، بە رێز و پێزانینەوە دەڕوانینە خەبات و تێکۆشانی رۆژنامەوانە پێشەنگەکانی کوردستان، ئەوانەی خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەوانیی كوردی و مافە رەواکانی گەلی کوردستانیان كردووە.

مەسرور بارزانی 

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان