چین دژی بڕیارێکی بایدن هاتە دەنگ

وەزارەتی دەرەوەی چین ئیدانەی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا دەکات
ئاڵای ئەمەریکا و چین
ئاڵای ئەمەریکا و چین

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی چین ئیدانەی بڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا دەکات، بەوەی واژۆی لەسەر بڕیارێک کردووە، کە لە رێگەیەوە وەبەرهێنان لە دەیان کۆمپانیای چینی قەدەغە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی چین جەختیش دەکاتەوە، کە پەکین رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندی کۆمپانیاکانی دەگرێتە بەر.

وانگ ون بین گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، وڵاتەکەی دژی بڕیارەکانی بایدنە و دەشڵێت "حکومەتی ئەمەریکا تێگەیشتنی بۆ پاراستنی ئاسایشی نشتیمانی گشتگیر کردووە، بە خراپی دەسەڵاتی قۆستووەتەوە، بەمەش رێگە لە کۆمپانیای چینییەکان دەگرێت و کارەکانیان بەرتەسک دەکاتەوە".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین راشیگەریاند "لایەنی ئەمەریکی بنەما و سیستمی بازاڕ وێران دەکات، زیانی بە بەرژەوەندی کۆمپانیا چینییەکان و بەژەوەندی وەبەرهێنەرە جیهانییەکان گەیاندووە، بۆیە داوا لە کارگێڕی بایدن دەکات لە بڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە، ژینگەیەکەی بازرگانی و وەبەرهێنانی دادپەروەر بڕەخسێنێت و جیاوازی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان نەکات".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 3/6/2021، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە تێیدا 59 کۆمپانیای خستە نێو لیستی رەشەوە و لایەنە ئەمەریکییەکان بۆیان نییە وەبەرهێنان لەو کۆمپانیای چینیانە بکەن.