رۆژنامه‌ى جه‌وانى ئێران: بڵقى ريفۆرمخوازه‌كان ته‌قى

رۆژنامەکانی چاپی بەیانی رۆژی دووشەممەی تاران، لەگەڵ رەنگدانەوەی رووداوە بەرچاوەکانی ئێران، بەوردەکارییەوە هەندێک بابەتی دیکەشیان ورووژاندووە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/747c0a7e-1b7a-46b8-a957-b0f00236b5e9/Rojnameyroji30i5.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

رۆژنامەکانی چاپی بەیانی رۆژی دووشەممەی تاران، لەگەڵ رەنگدانەوەی رووداوە بەرچاوەکانی ئێران، بەوردەکارییەوە هەندێک بابەتی دیکەشیان ورووژاندووە.

رۆژنامەی جەوان بانگه‌شەی ریفۆرمخوازانی بە بڵقی سەرئاو شوبهاندووە.

رۆژنامەی ئارمانێ ئێمرووز، دوای بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی شەهرام نازری و حافزی کوڕی لە شاری ئیلام، لە زمانى نازرییەوە نووسیویەتی: ئەگەر پارێزگار و وەزارەتی ئيرشاد هاوکارییان نەکردبام، بێگومان ئەم کۆنسێرتەشم بەڕێوە نەدەچوو.

ئه‌و گوتوشيه‌تى: ئەو بەربەست و ئاستەنگانەی بۆ پێشکەشکردنی مۆسیقا دەخرێنە سەر رێی من، نابنە هۆی ئەوەی جێگە چۆڵ بکەم. ئێرە نیشتمانی منە و تا دوا ساتەکان بۆپێشکەشکردنی هونەرەکەم دەجەنگم.

رۆژنامەی ئيبتيکار، لە زمانی نەوەی خومەینییەوە، باسى لە جیاوازی ئاسایش و بە ئەمنیکردنی کۆمەڵگە دەکات.

سەید حەسەن خومەینی لە دیدارێکدا لەگەڵ وەزیری ئیتڵاعاتدا گوتی: هەموولایەک دەزانن ئاسایشی کۆمەڵگەیەک زۆر شتێکی باش و پێویستە، بەڵام بە ئەمنیکردنی کەشی کۆمەڵگە هیچ پێوەندییەکی بە ئاسایشەوە نییە. ئەگەر ئاسایشی وڵاتێک لەگەڵ رێژەی ئازادییە تاکە کەسییەکانی ئەم وڵاتەدا هەڵبسەنگێندرێ، وڵاتەکە لە ئاسایش دایە. بەڵام ئەگەر بەرە و پێشێلکردنی ئازادییەکان بڕوات، کەشێکی ئەمنی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاوە.

بڵقی زۆرینە بوونی ریفۆرمخوازان تەقی، لاریجانی بە 173 دەنگەوە بوو بە سەرۆکی پەرلەمان، موتەهەری دەنگی جێگری دووەمی سەرۆکیشی نەهێنایەوە. رۆژنامەی جەوان ئەم کۆمەڵە مانشێتەی بۆ هێرشکردنە سەر ریفۆرمخوازان بەیەکەوە کۆ کردووەتەوە و نووسیویەتی: بڵقی سەرکەوتنی لیستی ئومێد لە دوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان و پەرلەمان، بە هەڵبژاردنی عەلی لاریجانی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان بەیەکجاری تەقی.

ماوەیەکە برای سەرۆک کۆماری ئێران لە لایەن دژبەرانی سیاسەتەکانی رووحانییەوە تۆمەتی گەندەڵی دارایی دەدرێتە پاڵ و رۆژنامەی شەرق، بە دوای پرسیاری دەستبەسەرکردنی حوسێن فەرەیدووندا چووە و نووسیویەتی: دوای ئەوەی دوێنێ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، دەستگیرکردنی برای سەرۆک کۆماری بە مانشێتێک کردە گومان، سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆکایەتی کۆمار ئەو هەوڵەی بەدرۆ خستەوە و دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە دەستەڵاتی دادوەریش رایگەیاند، هیچ کەسێکی سەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکار دەستگیر نەکراوە.