ئەردۆغان جارێكی دیكە ھێرش دەكاتە سەر ئەمریكا

"تورکیا چاوەڕێی وەرگرتنی رەزامەندی لە ھیچ وڵاتێك ناکات"

K24 - ھەولێر

جارێکی دیکە رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆك کۆماری تورکیا، ھێرشی توند دەکاتە سەر حکوومەتی ئەمریکا و ئیدارەی ئۆباما بۆ ھاوکاریکردنی ھێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەردوغان رایگەیاند ئەو ھێزە پڕیەتی لە شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە).

لەمیانەی بەشداریکردنی لە مەراسیمێکیدا لە ئیستەنبوڵ، ئەردوغان رایگەیاند کە وا ئەمریکا خۆی وەکو ھاوپەیمانێتی بەھێز لەگەڵ تورکیا پیشان دەدات، بەڵام ئێستا سەرقاڵی داڕشتنی پیلانێکە لە باکووری سووریا لە دژی ئەنقەرە.

ھەروەھا، ئەردوغان ھۆشداری دایە یەپەگە کە بەھیچ شێوەیەك بیر لەوە نەکاتەوە لە سنوورەکانی تورکیا نزیك بێتەوە بەبیانووی رووبەڕووبوونەوەی داعش و گوتیشی: "تورکیا چاوەڕێی وەرگرتنی رەزامەندی لە ھیچ وڵاتێك ناکات، بۆ بەرگریکردن لە سنوورەکانی خۆی".

دواتر ئەردوغان ئاشکرای دەکات کە ئەمریکا وەڵامی نیگەرانییەکانی تورکیا داوەتەوە لەبارەی ھاوکاریکردنی ئەمریکا بۆ یەپەگە و بە بەرپرسانی تورکیایان راگەیاندووە کە واشنتن تەنیا بۆ شەڕی داعش ھاوکاری یەپەگە دەکات.