شاژنی سینه‌مای ئیتاڵیا كۆچی دواییكرد

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شاژنی سینه‌مای ئیتاڵیا، مۆنیكا ڤیتی له ته‌مه‌نی 90 ساڵییدا كۆچی دواییكرد.
له‌و باره‌یه‌وه، وه‌زیری رۆشنبیری ئیتاڵیا، داریۆ فرانچیسكینی رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ رۆژێكی خه‌مبارانه‌یه بۆ هه‌موومان. ئێمه ئه‌مڕۆ ماڵئاوایی له هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی ئیتاڵیا ده‌كه‌ین. ئه‌و كۆچی دواییكرد، شاژنی سینه‌مای ئیتاڵیا بوو.

ڤیتی به نیگا سه‌رنجڕاكێش و ده‌نگه سیحراوییه‌كه‌ی ناوبانگی ده‌ركردبوو، ئه‌و له فیلمی " L'Avventura" (سه‌ركێشی) له 1960دا رۆڵی گێڕا و به‌و هۆیه‌وه ناوبانگی به جیهانی سینه‌مادا بڵاوبووه‌وه.

ڤیتی له (3ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 1931) له رۆما له‌دایكبووه و له كاتی شه‌ڕی دووه‌می جیهاندا رۆڵی له چه‌ند شانۆگه‌رییه‌كدا گێڕاوه.

ئه‌و له چاوپێكه‌وتنێكدا وتبووی: ئه‌و قۆناغه‌ی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، كاتێك بۆمبه‌كان داده‌بارین، ئێمه ده‌چووینه ژێر زه‌مینه‌كان و ئه‌و كات، من و براكه‌م شانۆگه‌ریمان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رمان پێبكه‌نن.

له 1953دا ئه‌كادیمیای نیشتمانی بۆ هونه‌ری شانۆ له رۆما ته‌واو كردووه و خاوه‌نی به‌هره‌ی كۆمیدیی خۆڕسكانه بووه.


