لەگەڵ نزیکبوونەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران نرخی نەوت دابەزی

بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 2.6% دابەزی

K24 - هەولێر

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵە ئەرێنییەکانی دانوستاندنی ئەتۆمی ئێران و گەشبینییەکان بە رێککەوتن، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا دابەزی.

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا 2%ـی نرخەکەی لەدەستدا، بە تایبەت دوای ئەوەی هەریەکە لە فەرەنسا و ئێران رایانگەیاند، نزیکن لە رێککەوتن و رزگارکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی 2015، نرخی نەوت دابەزی، بەڵام هەڵکشانەوەی ناکۆکییەکانی ئۆکرانیا و رووسیا ئەو دابەزینەی سنووردارکرد.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 2.6% بۆ 92.38 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساس لە گرێبەستەکانی داهاتووی بەرێژەی 2.7% بۆ 91.16 دۆلار دابەزی.