رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی راپۆرتی ساڵانەی ئەمنستی دەداتەوە

"لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2021، 14 جار سەردانی چاکسازییەکانی کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی ئەنجامداوە"
نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
نووسینگه‌ی رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان

K24- هه‌ولێر:

لە رێککەوتی (29ـی ئادار / مارسی 2022)، رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2021 بڵاوکردەوە و تێیدا تیشک دەخاتە سەر رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە زۆربەی وڵاتان لە ساڵی 2021دا، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی خۆیان، كه‌ راپۆرتەکە بەشێکی بۆ باسی عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.

د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی راپۆرتی رێکخراوی ناوبراودا ڕایگەیاند، گرنگە تێگەیشتنی هەموو لایەنەکان لە بارودۆخی کوردستان لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن، روونکردنەوەی یاسایی و لێکدانەوەی ورد بێت.

دیندار  زێباری لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم حکومەتی هەرێم هەبوون لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گوتی: "لە سەرەتای ساڵی 2020 پەتای کۆرۆنا  ئاستەنگی زۆری خستە پێش حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی بەپێویستی زانی کۆبوونەوەی چەند رێکارێک بگرێتە بەر بۆ بڵاو نەبوونەوەی پەتاکە و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لەوانەش جەماوەری سنوردار بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ رۆژنامەنووس و میدیایەک لە ساڵی 2021 لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کارەکانیان سنووردار نەکراوە، هیچ کۆت و بەندێک لەسەر کاری رۆژنامەنووسان و چالاکوانان دانەندراوە، مەگەر چالاکییەکان ببنە هۆی ناوزڕاندن یان پێشێلکارییەکی دیكه‌ی یاسایی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی رۆژنامەنووسان  و ئازادیی رۆژنامەنووسی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات،  لەنیوەی یەکەمی ساڵی 2021دا، سی و یەک تۆمەتی پێشێلکاری لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە تۆمارکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 10 لە پێشێلکارییەکان لەو ناوچانە روویانداوە کە دەکەونە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ نموونە لە 24/6/2021دا، بەپێی راپۆرتی سەندیکا، نووسینگەی کوردستان 24 لەلایەن کارمەندانی ئاسایشی باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە داخرا. هەروەها، لە 10/1/2021دا تیمێکی ئێن ئاڕ تی لە کەرکووک لەسەر ڕووماڵکردنی نەبوونی خزمەتگوزاری گشتی پێویست لە شارەکە بۆ چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکران. کەناڵەکانی رووداو و سپێدە و پەیام و هەندێک لە دەزگاکانی دیكه‌ی راگەیاندن رووبەڕووی پێشێلکاری بوونەتەوە لەو ناوچانە.

لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەیدا دیندار زێباری روونیكرده‌وه‌، سەنتەری میترۆ کە چاودێری مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات، لەم رووەوە ئاماژەی بەوە داوە، لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2021 پێشێلکارییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیبوون بە بەراورد بە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی2020.

د. دیندار زێباری لە بارەی  ئەو کەیسانەی لە راپۆرتەکەی ئەمنستیدا ئاماژەیان پێکراوە گوتی: "ئەوان  پەیوەندییان بە کاری رۆژنامەنووسی و چالاکوانییەوە نییە، لەبەرامبەر ئەو بەڵگە زۆرانەی کە دژیان خرایەڕوو، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا و لە دانیشتنی دادگادا بە ئاشکرا دانیان بە تۆمەتەکاندا ناوە و وردەکارییە یاساییەکانی کەیسەکان لە وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دوایین راپۆرتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) ڕوونکراوەتەوە، کە لە کۆتایی ساڵی پار بڵاوکرایەوە".`

لە کۆتایی گوته‌كانیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "حوکمەتی هەرێم رێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی هەیە، بە گوێرەی رێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکات لە هەرێم. یۆنامییش هەمان مۆڵەتی سەردانی پێدراوە. لە ژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە، یۆنامی لە پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2021، 14 جار سەردانی چاکسازییەکانی کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ 60 زیندانی ئەنجامداوە.