لاڤرۆڤ: له‌سه‌ر ئۆكرانیا و خۆرئاوا پێویسته‌ بجووڵێن

بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خۆراك
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ رایگه‌یاند، پێویسته‌ ئۆكرانیا و خۆرئاواییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خۆراك بجووڵێن.

لاڤرۆڤ گوتیشی: كێشه‌ی خۆراك له‌ جیهاندا، لێكه‌وته‌ی شه‌ڕی ئۆكرانیایه‌ و چاره‌سه‌ری له‌ ده‌ستی كیێڤ و وڵاتانی خۆرئاوادایه‌.

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ سعوودیه‌، لاڤرۆڤ ئه‌م قسانه‌ی كردن و گوتیشی: وڵاتانی خۆرئاوا هۆكاری زۆر كێشه‌ن و ئه‌وان به‌نده‌ره‌كانیان به‌ رووی كه‌شتییه‌ رووسییه‌كاندا داخستووه‌ و رێگری له‌ زنجیره‌ لۆجستی و داراییه‌كاندا ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وان له‌سه‌ریانه‌ به‌ جددی بیر له‌و بابه‌ته‌ بكه‌نه‌وه‌ و بزانن چی جێی بایه‌خه‌ بۆیان.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، لاڤرۆڤ، داوای له‌ ئۆكرانیا كرد، ئه‌و مینانه‌ هه‌ڵبگرێته‌وه‌، كه‌ له‌ ئاوی هه‌رێمایه‌تی خۆیدا چاندوویه‌تی و به‌و هۆیه‌وه‌ ئاسایشی كه‌شتیوانی له‌ ده‌ریای ره‌ش و ده‌ریای ئازۆڤ خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر كێشه‌ی مینه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت، هێزه‌ رووسیاییه‌كان ده‌توانن ده‌سته‌به‌ری ئاسایشی كه‌شتییه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئاوی نێوده‌وڵه‌تی و دانه‌وێڵه بگاته‌ جیهان.

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ ریازی پایته‌ختی سعوودییه‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵ هاوتاكه‌ی فه‌یسه‌ڵ بن سه‌رحان كۆبووه‌وه‌ و نانی ئێواره‌یان به‌یه‌كه‌وه‌ خوارد.

بڕیاره‌ سبه‌ی لاڤرۆڤ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو به‌شداری بكات.

رێكخراوه‌كه‌، له‌ شه‌ش وڵاتی كه‌نداو پێكدێت و  دیارترین ئه‌ندامی رێكخراوی ئۆپك پڵه‌سن، كه‌ رووسیا و سعوودییه‌ رێبه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌ڕای فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ زیادكردنی به‌رهه‌م به‌ مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی نرخ، به‌ڵام نرخی نه‌وت له‌ مانگی شوباتی رابردووه‌وه‌ له‌ سه‌رووی سه‌د دۆلاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

سعوودییه‌ و ئیمارات پابه‌ندن به‌ بڕیاره‌كانی ئۆپك پڵه‌س و ئاماده‌ نین، به‌رهه‌می نه‌وت كه‌مبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نرخی نه‌وت دابه‌زێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا داوای ده‌كات.

 هه‌ر له‌و  سه‌ردانه‌یدا، لاڤرۆڤ له‌گه‌ڵ ئه‌مینداری گشتیی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی، حسێن ئیبراهیم ته‌ها كۆبووه‌وه‌ و هه‌ردوولا باسیان له‌و ئاڵنگارییه‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییانه‌ كرد، كه‌ ئێستا له‌ ئارادان.

هه‌روه‌ها له‌ باره‌ی هه‌ماهه‌نگی و راوێژی نێوانیانه‌وه‌ گفتوگۆیان كرد و پێداگیریان له‌سه‌ر پێشخستنی هه‌ر هه‌وڵێك كرد، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی هێنانه‌ ئارای ئاشتی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهاندا.

رووسیا و ئۆكرانیا، له‌ سه‌دا 30ی گه‌نمی جیهان به‌رهه‌م ده‌هێنن. به‌ هۆی شه‌ڕی ئۆكرانیا و سزای وڵاتانی خۆرئاوا له‌سه‌ر رووسیا، ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ جیهان درووست بووه‌.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ (30ی ئایار/ مایۆی 2022) سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، مۆسكۆ ئاماده‌یه‌ هاوكاری بكات له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌به‌ری جووڵه‌ی كه‌شتیوانی ئۆكرانیا بكرێت و به‌رهه‌می دانه‌وێڵه‌ی هه‌نارده‌ی جیهان بكات.

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس

وه‌رگێڕانی: ئ.ڕ