لە مانگێکدا 6 هەزار هاووڵاتی بۆ خوێن بەخشین سەردانی بانکی خوێنی هەولێریان کردووە

"ماوه‌ی 12 ساڵه‌ خوێن ده‌به‌خشم"
خوێن به‌خشین
خوێن به‌خشین

K24 - هه‌ولێر:

هاووڵاتییان وەك ئەرکێکی مرۆڤایەتی بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان، رۆژانە خوێن دەبەخشن بەو نەخۆشانەی کە پێویستییان بەخوێن هەیە، لە مانگێکدا نزیکەی 6 هەزار هاووڵاتی به‌مه‌به‌ستی خوێن بەخشین سەردانی بانکی خوێنی هەولێریان کردووە.

رۆژی 14ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی بەخشینی خوێن دیاریکراوە، لەو رۆژەدا چەندان چالاکی لەبارەی خوێنبەخشین ئه‌نجام ده‌درێن.

نازم سەلیم، هاووڵاتییه‌كی شاری هه‌ولێره‌ و دوای سێ مانگ دووبارە هاتووە خوێن ببەخشێت، بەخشینی خوێنی  کردووە بە بەشێك لە ژیانی. دەیەوێت خوێن ببەخشێت بەو كەسانەی كە بە ھەر ھۆكارێك بێت پێویستیان پێیەتی. نازم بەم بوتلە خوێنەی ئێستا دەی بەخشێت، دەبێتە 18 بوتل كە تا ئێستا بەخشیوویەتی بە بانكی خوێن.

تەنیا لە مانگێكدا نزیكەی 6 ھەزار كەس هاتووه‌ته‌ بانكی خوێن لە ھەولێر بۆ ئەوەی بە بەخشینی خوێن ژیانی كەسێك لە مردن رزگار بكەن، بەتایبەتی نەخۆشخانی تالاسیما، شێرپەنجە و ئەو كەسانەی بەھۆی رووداوی لەناكاو پێویستیان بە خوێن دەبێت.

ئه‌وانه‌ی خوێن ده‌به‌خشن، رێكخراوێكی دامه‌زراندووه‌، کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان لە 10 هەزار ئەندام پێکهاتووە، بوونەتە هاوکارێکی گرنگی بانكی خوێن لە دابینکردنی خوێن.

عه‌بدولقەهار عەلی، سکرتێری کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كاتێك باڵانسی خوێن به‌ بانكی خوێن داده‌به‌زێت، ئێمه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌كه‌مانه‌وه‌ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خوێن ببه‌خشن، بۆ تووشبووانی نه‌خۆشی تالاسیما و شێرپه‌نجه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان به‌ خوێن هه‌یه‌.

خوێن بەخشین کارێکی خۆویستانەیە، کە هاووڵاتی خوێنی خۆی دەبەخشێت و دەدرێت بەو نەخۆشانەی پێویستیان بە وەرگرتنی خوێن هەیە. لە 14ی حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێك، بە رۆژی جیهانی بەخشینی خوێن دیاریکراوە، هاووڵاتیان وەک هەستکردن بە ئەرکێکی مرۆڤایەتییەوە زیاتر هاوکاردەبن لە رزگاریکردنی ژیانی ئەو كەسانەی بەخشینی بوتلێك خوێن رزگاریان دەكات.