وه‌زاره‌تی نه‌وت: دانووستان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی عەکاز بەرەوپێشچووه‌

یەدەگی کێڵگەکەی عەکاز لە 5.3 ترلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی پێکهاتووە
كێڵگه‌ی گازی عه‌كاز
كێڵگه‌ی گازی عه‌كاز

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی نەوت ئاشکرای کرد، دانووستانیان بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی عەکاز بەرەوپێچوونی باشی بەخۆیەوە بینیووە.

عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرای کرد، وەزارەته‌كه‌یان گرنگییەکی زۆر بە دۆسیەی گاز لە ناوچەکانی رۆژئاوا دەدات، روونیشیکردەوە، کێڵگەی عەکاز بۆ پێدانی مۆڵەت خراوەتەڕوو، لە کاتێکدا ئەرکی پەرەپێدانی کێڵگەکە بە کۆمپانیای (کوکازی کۆری) درابوو، بەڵام بەهۆی هێرشی شەڕی داعش لە 2014 و کۆنترۆڵکردنی پارێزگای مووسڵ، کارەکان لە کێڵگەکە وەستان و کۆمپانیاکە ناچار بوو بکشێتەوە.

گوتەبێتی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش كرد، کێڵگەکە گرنگە بۆ عێراق چونکە یەدەگەکەی لە گازی سەربەخۆ پێکهاتووە، نەک گازی هاوتای نەوت.

کێڵگەکەی عەکاز کەوتووەتە باشووری شاری قائم و بە یەکێک لە کێڵگە گازییە گەورەکانی عێراق ئەژمار دەکرێت و یەدەگەکەی لە 5.3 ترلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی پێکهاتووە.