شاندێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی ئه‌رمینیای كرد

شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ریڤان
شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ یه‌ریڤان

K24 – هه‌ولێر:

حەمەی حەمەسەعید، وەزیرى رۆشنبیرى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێکی وەزارەتی رۆشنبیرى بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەرمینیا و لە یەریڤانی پایتەخت لە ئاستی فەرمییدا پێشوازیان لێکرا.

رۆژى دووشەممە (7ى ئاب/ ئۆگێستی 2022)، بۆ یەکەمجار لە ئاستێکی باڵا و فەرمیدا، شاندێکی وەزارەتی رۆشنبیرى حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا.

لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی یەریڤان، شاندەکە لە لایەن کونسوڵى گشتیی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان و ستافى پرۆتۆکۆڵى حکومەتی ئەرمینیاوە پێشوازیان لێکرا.

لە یەکەم رۆژى سەردانەکەیدا، رۆژی دووشەممە کاتژمێر (10:00)ى پێشنیوەڕۆ بە کاتی یەریڤان، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاجەگوڵى رێزلێنانیان لەسەر یادگارى قوربانیانى کۆمەڵکوژى ئەرمەن دانا.

لە مەراسیمەکەدا، هەریەک لە کونسوڵى گشتیی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەى وەزارەتى زانست و خوێندنی باڵا و رۆشنبیری ئەرمینیا، کەسایەتی ناسراوی کایەى رۆشنبیرى ئەرمینیا (تیتاڵ کریم سیاد) سەرنووسەرى رۆژنامەى (رێیا تازە) و سەرنووسەری بەشى کوردی رادیۆى یەریڤان ئامادەبوون.

لەو میانەیەدا، وەزیرى رۆشنبیرى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا رایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە قۆناغە مێژووییە جیاجیاکاندا، هەردوو گەلى کورد و ئەرمەن ستەمدیدە بوون و تاوانی کۆمەڵکوژى و دژە مرۆڤایەتی بەرامبەریان کراوە.

حەمەى حەمەسەعید وتیشى: هەردوو گەلى کورد و ئەرمەن پەیوەندییەکی دێرین و مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە. هیوادارین ئەم سەردانە، کە یەکەمجارە لە ئاستێکی فەرمیدا بۆ ئەرمینیا ئەنجامبدرێت؛ ببێتە سەرەتایەکی گرنگی کارى بەیەکەوەیی و هاوکارى و پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولامان.

دواتر بە یاوەرى کونسوڵى گشتیی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان، شاندی حکومەتى هەرێمی کوردستان سەردانی دوو شوێنەوارى دێرینی ئەرمینیایان کرد.

بڕیارە لە رۆژانى داهاتوودا، شاندەکەى هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک چالاکی و دیدارى رۆشنبیرى لەگەڵ دامەزراوە و ناوەندە فەرمییەکانی ئەرمینیا ئەنجامبدات، بە مەبەستی زیاتر پێشخستنی پەیوەندییە کولتوورى، رۆشنبیرى و هونەرییەکانی نێوان هەردوو گەلى کوردستان و ئەرمینیا.

5436
 شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم، یه‌ریڤان، 8ی ئاب/ ئۆگێستی 2022
5465
شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم، یه‌ریڤان، 8ی ئاب/ ئۆگێستی 2022
45636
حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تاجه‌ گوڵ له‌سه‌ر مۆنۆمێنتی قوربانیانی ئه‌رمه‌ن داده‌نێت، یه‌ریڤان، 8ی ئاب/ ئۆگێستی 2022