نوێنەری سەدر: تا پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوە بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان

هۆزەکان بە ئاڵای جیاوازەوە بەشداری لە خۆپیشاندان دەکەن
سەید ئیبراهیم جابری، نوێنەری موقتەدا سەدر
سەید ئیبراهیم جابری، نوێنەری موقتەدا سەدر

K24 – بەغدا

نوێنەری موقتەدا سەدر لەناو خۆپیشاندەرانی بەغدا رایدەگەیەنێت، تا پەرلەمانی عێراق هەڵنه‌وه‌شێته‌وه‌، بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان.

سەید ئیبراهیم جابری، نوێنەری موقتەدا سەدر لە خۆپێشاندانەکانی بەغدا بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان، تا ئەو کاتەی داواکانمان جێبەجێ دەکرێن، پەرلەمان هەڵنەوەشێتەوەو هەڵبژاردنی پێشوەختە نەکرێت خۆپیشاندانەکان کۆتایی نایەت، دڵنیابن بە پاڵپشتی ئەم جەماوەرە داواکانمان جێبەجێ دەکرێت".

چەندین هۆز بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا کردووە، هەر هۆزێک ئاڵایەکی تایبەت بەخۆی هەیە و بە ئاڵاکەیان دەناسرێنەوە. شێخ سەعەد زەوبعی سەرۆک هۆزی (زەوبعە) لە ناسڕیەوە هاتووەتە بەغدا تاکو پشتگیری لە موقتەدا سەدر بکات ئەو دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت کێشەکانی ئەم وڵاتە لە رێگەی موقتەدا سەدرەوە چارەسەر بکەین".

دەشڵێت: "لەهەموو پارێزگاکانەوە لە رۆڵەکانی ئێمە هاتونەتە ئەم خۆپێشاندانە، سەید موقتەدا سەرقافڵەی چاکسازییە و دژی گەندەڵکارانە کە وڵاتیان وێران کردووە".

دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی لە 30/7/2022، لایەنگرانی سەدر خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و بەربەستەکانی ناوچەی سەوزیان بڕی و چوونە ناو باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران.

رۆژی 25/7/2022، چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر ئەو کاندیدەی رەتیکردەوە.