"گفتووگۆی نێوان فێنه‌رباهچه و كریستیانۆ ئاشكرا ده‌بێت"
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو بازاری ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له ئه‌ورووپا داخرا، به‌ڵام راپۆرته هه‌واڵه‌كان له توركیا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه كه ره‌نگه كریستیانۆ رۆناڵدۆ روو له یانه‌ی فێنه‌رباهچه بكات، به‌م هۆیه‌وه ده‌زگا میدیایه‌كان به‌خێرایی ده‌یان هه‌زار تویتیان له باره‌ی ئه‌م هه‌واڵه بڵاوكرده‌وه ئه‌مه‌ش به‌های یانه توركیه‌كه‌ی به‌رز كرده‌وه.
به گوێره‌ی ئاژانسه وه‌رزشییه‌كانی توركیا، خۆرخی خیسۆسی راهێنه‌ری پورتوگالی یانه‌ی فێنه‌رباهچه رۆڵێكی گه‌وره‌ی له رازیكردنی كریستیانۆ رۆناڵدۆ هه‌بووه.
ئاژانسه‌كان به‌پشتبه‌ستن به لێدوانێكی عه‌لی كۆچ سه‌رۆكی یانه‌ی فێنه‌رباهچه كه تێیدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه یانه‌ی فێنه‌رباهچه له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ گه‌یشتووه‌ته رێككه‌وتنی زاره‌كی. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه له پێنج خوله به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌ورووپا بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان داخراوه، به‌ڵام هێشتا گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له توركیا به‌رده‌سته.
رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانیا به‌پشبه‌ستن به راپۆرته هه‌واڵه‌كانی توركیا، نووسیویه‌تی: كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئۆفه‌ره‌كه‌ی فێنه‌رباهچه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه، چونكه ئه‌و یانه‌یه له‌م وه‌رزه له چامپیۆنزلیگ یاری ناكات، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه كه ئه‌م هاوینه كریستیانۆ ویستی مانچێسته‌ر یونایتد جێبهێڵێت چونكه یانه‌كه بۆ چامپیۆنزلیگ سه‌رنه‌كه‌وتووه.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه ئێریك تێن هاگ راهێنه‌ری مانچێسته‌ر یونایتد پێشتر مانه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆی له تیپه‌كه‌ی راگه‌یاندووه و جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه یه‌كێكه له یاریزانه نایابه‌كان و بۆ رێكخستنه‌وه‌ی هێڵی پێشه‌وه‌ی مان یونایتد سوودی زۆری ده‌بێت.
ده‌نگۆی گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یانه‌ی فێنه‌رباهچه له رێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی بۆ یانه توركییه‌كه به‌ده‌ستهێنا، ته‌نیا چه‌ند خوله‌كێك دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه زیاتر له 154 هه‌زار تویت بڵاوكرایه‌وه، به‌مه‌ش به‌های لۆگۆی فێنه‌رباهچه به رێژه‌ی 20% زیادی كرد.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه پێگه‌ی بیڵدی ئه‌ڵمانیا، ئاشكرای كردووه ئه‌و گاڵته‌پێكردنه‌ی یانه‌ی هامبۆرگی ئه‌ڵمانیا له باره‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ له سۆشیاڵ میدیا بڵاوی كردووه به‌های ئه‌و یانه‌یه‌ی له‌ڕووی سپۆنسه‌ر و ریكلامه‌وه زیاد كرد.
یانه‌ی هامبۆرگ كه له خولی پله‌دووی ئه‌ڵمانیا یاری ده‌كات، پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو له رێگه‌ی هه‌ژماره فه‌رمییه‌كانییه‌وه له سۆشیاڵ میدیا ـ ڤیدیۆیه‌كی كورتی 20 چركه‌یی بڵاوكرده‌وه و گاڵته‌یان به كریستیانۆ كرد وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ستێره پورتوگالییه‌كه.
ئەو ڤیدیۆ گاڵته‌جارییه وای پیشاندا ئه‌گه‌ر كریستیانۆ رۆناڵدۆش خۆی پێشكه‌شی هامبۆرگ بكات ئه‌وان نایانه‌وێت، به‌مه‌ش ڤیدیۆییه‌كه له نێو سۆشیاڵ میدیا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا.
𝙉𝙖𝙝... 𝙉𝙤𝙩 𝙩𝙤𝙙𝙖𝙮 𝙥𝙖𝙡... 😉🔷#nurderHSV #DeadlineDay pic.twitter.com/HxpdSZqduB
— HSV English (@HSV_English) September 1, 2022