عه‌باس به‌یاتی: پرۆسه‌ی سیاسی به‌ بێ به‌شداریكردنی كورد ئیفلیجه‌

عه‌باس به‌یاتی سه‌ركرده‌ی دیاری ده‌وڵه‌تی یاسا
عه‌باس به‌یاتی سه‌ركرده‌ی دیاری ده‌وڵه‌تی یاسا

K24 – هه‌ولێر:

سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری ده‌وڵه‌تی یاسا ئاشكرایكرد، كورد به‌شێكی سه‌ره‌كین له‌ پرۆسه‌ی سیاسی دا، به‌ بێ به‌شداریكردنی كورد، پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراقدا ئیفلیجه‌.

عه‌باس به‌یاتی سه‌ركرده‌ی دیاری ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق به‌ بێ به‌شداری كورد ناكرێت.

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه، كورد یه‌كێكه‌ له‌ كۆڵه‌گه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی و بۆیه‌ كرانه‌وه‌ به‌ رووی كورددا، منه‌تی تێدانییه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "له‌ دوای ساڵی 2003ـه‌وه‌، كورد یه‌كێكبوون له‌ كۆڵه‌گه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق، بۆیه‌ لێكتێگه‌یشتنی نێوان كورد گرنگه‌، دواتر لێكتێگه‌یشتنی نێوان كورد، سوننه‌ و شیعه‌، بۆیه‌ كرانه‌وه‌ به‌ رووی كورددا، منه‌تی تێدانییه‌".

ده‌شڵێت:  "پرۆسه‌ی سیاسی به‌ بێ به‌شداریكردنی كورد، ئیفلیجه‌".

رۆژی شه‌ممه‌ (24ـی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، مه‌حموود محه‌ممه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌میانی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتی ئێستا له‌قۆناغی گفتوگۆدان.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ـی ئه‌یلوول رایگه‌یاند، یه‌كێتی و پارتی له‌ زۆر شوێن وه‌ك (په‌رله‌مانی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ به‌غدا و به‌ره‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش) به ‌یه‌كه‌وه‌ن، ئێمه‌ و پارتی دوژمنی یه‌كتر نین و دۆستی یه‌كترین، به‌ڵام له‌ روانگه‌ی سیاسییه‌وه‌ ركابه‌رین".