پەرلەمانی ئەوروپا داوای سزادانی بەرپرسانی ئێرانی دەکات

داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئێران بکرێت
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر

پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارنامەیەکی پەسند کرد و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، سزای ئەو کەسانە بدات کە دەستیان لە کوشتنی خۆپێشاندەرانی ئێرانیدا هەبووە.

پەرلەمانی ئەوروپا هاوکات لەگەڵ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی کە لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو، داوای کرد "لیکۆڵینەوەی بێلایەن، کاریگەر و سەربەخۆ لە بارەی هەڵسوکەوتی نەگونجاو و کوشتنی کارەساتباری" ژینا بکرێت.  

هەروەها نوینەرانی ئەوروپا پشتگیری خۆیان لە خۆپێشاندانی ئاشتیانە و "ئەو ژنە گەنجانەی رێبەرایەتی خۆپێشاندانەکان دەکەن و تێیدا بەشدارن"، راگەیاند.

لە بڕیارنامەکەدا، "سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران و بەکارهێنانی زەبر و زەنگ کە خەڵک بە هۆیەوە گیانی لەدەست داوە یان برینداربووە"، سەرکۆنە کراوە.

نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا داوایان لە بەرپرسانی ئێرانی کرد، "بەپەلە و بە بێ هیچ مەرجێک، هەموو ئەو کەسانەی بە هۆی بەکارهێنانی ئازادی رادەربڕین و خۆپێشاندانی ئاشتیانە گیراون"، ئازاد بکرێن.  

لە بڕیارنامەکەدا داوا لە یەکێتی ئەوروپا کراوە، هەموو ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی رۆڵیان لە کوشتنی ژینا ئەمینی و بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپێشاندەراندا هەبووە، گەمارۆیان بخرێتە سەر.

هەروەها هاتووە، ئەو کارە بە پێی سیستەمی گەمارۆکانی مافی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا بکرێت کە سیستەمی ئەو ناوەندەیە بۆ ئەو جۆرە گەمارۆیانە و خەڵکیش لەخۆ دەگرێت.

نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا هەروەها داوایان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەدیاریکراوی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ کرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئێران بکات.

لە بڕیارنامەکەدا داوا لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپایی کە دیپلۆماتکاریان لە تاران هەیە، کراوە "هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە تایبەت ژنان و ئەو هاووڵاتیانەی خاوەن دوو رەگەزنامەن، هاوئاهەنگ بکەن".

پەرلەمانی ئەوروپا، 705 ئەندامی لە 17 وڵاتی ناو یەکێتی ئەوروپادا هەیە.

یەکێتی ئەوروپا، ناچار نییە ئەو بڕیارنامەی پەرلەمانی ئەوروپا جێبەجێ بکات. سەرەڕای ئەمەش پرسی سزادان و گەمارۆ خستنەسەر ئێران لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە، لە بەرنامەی کاری لیژنەی کاروباری دەرەوەی یەکێتییەکە دایە.  

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، دووپاتیکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکە بە ئامادەبوونی  وەزیرانی دەرەوەی تەواوی وڵاتانی ئەندام، قسە لەسەر پرسی سزادانی ئێران دەکرێت.

پێشتریش ئەمەریکا و کەنەدا بە هۆی رووداوەکانی 20 رۆژی رابردووی ئێران، گەمارۆیان خستەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەوانە چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران و ناوندەکانی وەکو پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

لە ساڵی 2013ـەوە هیچ ناوێکی نوێی بەرپرسانی ئێران بە لیستی ئەو ناوانە زیادنەکراوە کە مافی چوونیان بۆ یەکێتی ئەوروپا نییە.

رۆژی 17ـی ئەم مانگە (تشرینی یەکەم) کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوە دەچێت.