هێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری ئێران دڵنیایی دەدەن

K24 - هەولێر

هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەسەر سنووری ئێران، دڵنیایی لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان دەدەن و دووپاتیدەکەنەوە، لە پاراستنی خاکی عێراق سڵ ناکەنەوە.

عەمید گۆران ساڵح خۆشناو، فەرماندەی لیوای دوو لە ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور لە لێدوانیکدا رایگەیاند، لەسەر سنوورەکانی عێراق و ئێران هێزەکانی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک بڵاوەیان پێکراوە، کە زۆرینەیان کوردن و هێزەکانیش لەسەر سنوورەکان بە ئاڵای عێراق و کوردستان پارێزگاری لە سنووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.

فەرماندەکانی هێزی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک، لە سنووری حاجی ئۆمەرانەوە دڵنیایی لە پاراستنی سنوورەکان دەدەن، سەرەڕای سەختی ناوچەکە و بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە هەیە سوپای ئێران هێزەکانی لە ناوچە سنوورییەکان کۆکردووەتەوە، چەند جارێکیش لەلایەن بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ سەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان کراوە.

ئەم هەڕەشانە هاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەدوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە نەخۆشخانەیەکی تاران، لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 2022 دەستیپێکردووە و تائێستاش لە چەند شارێک بەردەوامە.