نەتەوەیەکگرتووەکان: هەژاری لە عێراق كه‌مده‌كه‌ینه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سندوقی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق رایگه‌یاند، ستراتیژیه‌تێکیان داڕشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی تا ساڵی 2030 رێژه‌ی هه‌ژاری بۆ 50% له‌ عێراق كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

مەهدی عەلاق، راوێژکاری سندوقی دانیشتوانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، 17 ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامیان دەستنیشانکردووه‌، کە پەیوەندییان بە چارەسەرکردن و نەهێشتنی هەژارییەوە هەیە و بەلانی کەم تا ساڵی 2030 رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ عێراق بۆ 50% كه‌مده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش عێراق ستراتیژیه‌تیكی هه‌یه‌، لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە نوێدەکرێتەوە و دوای چەند مانگێک ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبەجێکردن.

پێشتریش ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندبوو، نۆ ملیۆن عێراقی بە دەست هەژارییەوە دەناڵێنن و ژمارەی بێکاریش لە وڵاتەکە گەیشتووەتە چوار ملیۆن کەس.

ئاماژە بەوەشدراوە، رێژەی بێکاری لە عێراق بۆ 14% بەرزبووه‌تەوە، واتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس لە عێراق بێکارن.

ئه‌و ناوه‌نده‌ ستراتیژییه‌ هۆکاری بەرزی رێژەی بێکاری بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێنێتەوە.

ناوەندەکە داوا لە حکومەتی نوێی عێراق دەکات، چارەسەری راستەقینە بدۆزێتەوە وەک بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و دابینکردنی پاڵپشتی بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵی و پیشەسازی، سەرەڕای ئەوەش بڕ و کوالێتی به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ باشتربکات.