داواکاری گشتی بۆ میدیاکان: چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو تاوانە

K24 - سلێمانی

داواکاری گشتی هۆشداری دەداتە میدیاکان و دەڵێت، لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکان، چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو بە تاوان دادەنرێت.

ئەمڕۆ سێ شەممە (20-12-2022)، داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی ئاراستەی میدیا بینراو و بیستراوەکان کردووە.

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، "لە کاتی ڕووماڵکردنی ڕووداوە نەخوازراوەکان و بەتایبەتی تاوانی کوشتن، لەکاتێکدا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و لێکۆڵینەوەن، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن و ڕەچاوی ئیتیک و کاری میدیایی بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری کوژراو، بە تاوان ئەژمار دەکرێت، کاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی ڕای گشتی دەبێت و دەبێتە هۆی نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە دادگا و دامودەزگاکانی حکومەت".

 ئەوەش دوای ئەوە دێت لە ماوەی رابردوودا بەشێک لە میدیاکان لەکاتی رووداوەکانی کوشتن و گیانلەدەستدان، بەبێ رەچاوکردنی ئیتیکی میدیایی و دۆخی دەروونی کەسوکارەکانیان کێبڕکێیان کردووە لەسەر وەرگرتنی لێدوان لە کەسوکاری قوربانییەکە، زۆرجاریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایی شارەزایانی یاسایی و هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.