ئه‌مه‌ریكا ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ره‌وه‌ندی كوردی له پاریس ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ره‌وه‌ندی كوردی له پاریس ده‌كات و سه‌ره‌خۆشی له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و خه‌ڵكی فه‌ره‌نسا ده‌كات.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (23ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له تویتێكدا، ئیدانەی هێرشەکەی سەر سەنتەری رۆشنبیری و کلتوری کورد لە پاریس كرد و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری قوربانییه‌كان كرد.
له په‌یامه‌كه‌یدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هاوسۆزی قووڵی خۆی بۆ قوربانیانی هێرشەکەی سه‌ر ره‌وه‌ندی كوردی لە پاریس ده‌ربڕیوه،نووسیویه‌تی، " لەم رۆژە خەمناکەدا، بیرم لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگای کوردی و خەڵکی فەرەنسایه".
ئەمڕۆ هەینی (23ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، کەسێکی (تەمەن 69 ساڵ) بە چەکەوە هێرشیکردە سەر ئارایشتگەیەک و ناوەندی کولتووری ئەحمەد کایا لە پاریس، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی کورد گیانیان له‌ده‌ستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دواتریش هێرشکارەکە دەستگیرکرا.
پاش دەستگیرکردنی هێرشکارەکە و بڵاوبوونەوەی هەندێک زانیاری لەبارەی رووداوەکە، کوردانی دانیشتووی فەرەنسا و بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانێکیان دژی ئەو هێرشە دەستپێکرد و تێیدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو.