سەرۆک کۆماری ئێران: وڵاتانی رۆژئاوایی داوای دانوستان دەکەن

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران

K24 – هەولێر

سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێ، وڵاتانی رۆژئاوایی لە چەندین رێگاوە پەیام بۆ تاران دەنێرن و دەڵێن ئامانجیان رووخاندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە و داوای دانوستان دەکەن.

ئیبراهیم رەئیسی، لە لێدوانێکدا لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رووفاتی ژمارەیەک لە کوژراوانی شەڕی ئێران و عێراق رایگەیاند، لە ئاژاوەکانی ئەم دواییەی ئیراندا وڵاتانی رۆژئاوایی بە هەموو هێزیانەوە هاتن و گەورەترین گوشار و گەمارۆیان خستە سەر ئێران، بەڵام لە بەرانبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شکستیان خوارد.

رەئیسی گوتیشی، وڵاتانی رۆژئاوایی ئەم کارانە دەکەن و دواتریش لە رێگای جۆراوجۆرەوە پەیام دەنێرن و دەڵێن، ئێمە ئامانجمان رووخاندنی کۆماری ئیسلامی نەبووە و دەمانەوێ دانوستان بکەین.

.

بەریتانیا داوای لە هاووڵاتانی کرد بەخێرایی ئێران جێبێڵن

زیاتر لە 100 رۆژە خۆپێشاندان لە دەیان شار و شارۆچکەی ئیران بەردەوامە و تا ئێستا سەرووی 550 کەس کوژراون و نزیک بە 18 هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون. بەشێک لە دەستبەسەرکراون، کەسانی بیانی یان خاوەن دوو رەگەزنامەن و حکومەتی ئێران، ئەوانی بە سیخوری و رێبەری خۆپێشاندانەکان تۆمەتبارکردووە.

هەر بۆیەش سەرۆکی کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا داوای لە هاووڵاتیانی ئەم وڵاتە کرد بە خێرایی ئیران جێبێڵن.

ئالیشیا کرێن، سەبارەت بە بارودۆخی هاووڵاتیانی بەریتانیی نیشتەجێی ئێران و بە تایبەت ئەوانەی خاوەنی هەردوو رەگەزنامەی ئێران و بەریتانین، نیگەرانیی دەربڕیوە و هۆشداریی داوە، رەنگە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو کەسانە بە بارمتە بگرێ، هەر بۆیەش داوای لە هەموو بەریتانییەکانی نەشتەجێی ئێران کردووە بە خێرایی ئەم وڵاتە جێبێڵن.

رۆژنامەی گاردیەن لەسەر زاری ئەو ئەندامەی پەرلەمانی بریتانیاوە بڵاویکردووەتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئیران زۆر جار کەسانی خاوەن دوو رەگەزنامەی دەستبەسەرکردووە و بۆ ئەوەی لە یاریی سیاسیدا کەڵکیان لێ وەربگرێ.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

ئەمەریکا: خۆپێشاندەران بەپەلە ئازاد بکرێن

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا دەکات خۆپێشاندەرانی دەستبەسەرکراوی ئێران بە خێرایی ئازاد بکرێن.

نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای کرد، سەرجەم ئەو خۆپێشاندەرە ئێرانییانەی بە هۆی مافی بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەی ئازادییەکانیان لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون، بە زووترین کات و بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.

نێد پرایس، بە ئاماژەکردن بەوەی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی نەتەوەیەکگرتووەکان دەرکردووە، جەختیشی کردەوە، ژنانی ئێران لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بەردەوام دەبن.