دوو منداڵی کورد بە هۆی گەمارۆکانی حکومەتی سووریا گیانیان لەدەستدا

ئەو دوو منداڵەی بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی سووریاوە گیانیان لەدەستداوە
ئەو دوو منداڵەی بەهۆی گەمارۆکانی حکومەتی سووریاوە گیانیان لەدەستداوە

K24 – هەولێر

بەهۆی گەمارۆدانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریاوە، دوو منداڵی کورد گیانیان لەدەستدا.

زیاتر لە سێ مانگە هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا، گەمارۆیان خستووەتە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی حەلەب و  رێگە نادەن سووتەمەنی، دەرمان، خواردن و پێداویستییەکانی ژیان بە 200 هەزار دانیشتووی کوردی ئەو گەڕەکانە بگات.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، دوو منداڵ بە ناوەکانی حوسێن عەبدوڵڵا تەمەن 17 رۆژ و ویسام سیدۆ تەمەن چوار ساڵان، بەهۆی سەرما و نەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، گیانیان لەدەستداوە.

مەرعی ئەلشبلی، ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسود، لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، "خەڵکی هەر دوو گەڕەک بەهۆی گەمارۆکانی فرقەی چواری حکومەت، لە ژیانێکی قورس دان و بارودۆخیان نالەبارە. بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، لەمدواییانە دوو منداڵ بەهۆی ئەم بارودۆخەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەگەر گەمارۆکان بەردەوام بن، قوربانی زیاتری لێدەکەوێتەوە".

ئەو دووپاتیشیکردەوە، فرقەی چوار بە بەرچاوی هەموو لایەنەکانەوە، رێگە نادات دەرمان و سووتەمەنی و پێدوایستییەکانی ژیان بە دەست دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە بگات.

ئەلشبلی، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، گوشار بۆ سەر فرقەی چوار بێنن بۆ ئەوەی کۆتایی بەم گەمارۆدانە بێنێت، "چونکە ژیانی هەزاران کەس لەژێر مەترسی دایە".

نزیک بە 200 هەزار هاووڵاتی کورد لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب دەژین. هێزەکانی یەکینەکانی پاراستی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەو گەڕەکانە دەسەڵاتدارن و رێڤەبەری خۆسەریان لێ راگەیاندووە.