54 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی "خودانی بارزان" تێدەپەڕێت

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ 54 ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دوایی شێخ ئه‌حمه‌د بارزانی تێده‌په‌رێت كه‌ یەكێک لە گەورە زانا، عارف و هەڵگرانی هزری مرۆڤایەتی، نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی لە کوردستان، كه‌ لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 11ی كانوونی دووەمی 1969 كۆچی دوایی كرد.

شێخ ئەحمەد لە ساڵی  1896 لە دەڤەری بارزان و لە خانەوادەیەكی كوردپەروەر و ناودار لەدایکبووە، دوای شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی براگەورەی، شێخ ئەحمەد شوێنی ئەوی گرتەوە و درێژەی بە بزووتنەوەی بارزان و خەباتی مرۆڤایەتی و شوڕشگێریدا، هەروەها لە سەردەمی ئەودا چاکسازی کۆمەڵایەتی کرا و خەڵکی لەسەر دانبه‌خۆداگرتن و سەر نەوینەکردن بۆ هیچ ستەمکار و زۆردارێک رادەهێنا.

شێخ ئەحمەدی بارزانی، دوای شەھیدبوونی براگەورەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، رابەرایەتیكردنی بزووتنەوەی بارزان دەكەوێتە سەرشانی، كە ئەمەش ھاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی جیھانی یەكەم، كە لە ئەنجامی ئەم شەڕە جیھانییە سەرەڕای ئەو ھەلومەرجە سەختەی كە بزووتنەوەی بارزان تێیكەوت، ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی كەوتە بەردەم گۆڕانكاری گەورە بە تایبەت لەڕووی جوگرافی سیاسی.

كورد و كوردستان لە ئەنجامی ئەم گۆڕانكاریانە زەرەرمەندی سەرەكی بوون، ئەویش بەھۆی پارچەبوونی كوردستان لە دوو پارچەوە بۆ چوارپارچە، ھەروەھا ئەو فشار و گوشارانەی كەوتنە بەردەم بزووتنەوە و شۆڕشەكانی گەلی كورد لە ھەرچوار پارچەی كوردستان، تاڕادەی سەرکوتکردن و دامركانەوە چوون، لەوانە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری لە باكووری کوردستان، شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید لە باشووری کوردستان و شۆڕشی سمكۆی شكاك لە رۆژھەڵاتی کوردستان.

لەم ھەلومەرجەدا بارزان بە رابەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بووە جێگای ئومێد و ھیوای گەلی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخە ناھەموارەی، كە خودی بزووتنەوەی بارزان لە ئەنجامی شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و زوڵم و ستەمی دوژمنانی كورد و كوردستان تێیكەوتبوو. لە ھەمانكات بووە تەنیا ئومێدی بەھاناوە چوون و داڵدەدانی شۆڕشگێران و لێقەوماوانی سەرجەم پێکاهاتە ئایینیی و نەتەوەییەکان.

رۆڵی رۆحانییەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی، بوو بە ناوەندێكی بەھێزی ئیلھام بەخش بۆ شۆڕشگێرانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە رابەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی، كە بارزان ھەمیشە ببێتە كەشتی نەجاتی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی كورد لە قۆناغە سەختەكانی مێژووییدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ رێبازی رەوشت بەرزی، لێبوردەیی و یەكسانخوازی بزووتنەوەی بارزان لە پشتگیری خەڵكی ھەژار و ستەم لێكراو و حەقانییەتی ئەو رێبازە بۆ دەستخستنی مافی حەقخوراوان و پەناگەیەکی ئارام بۆ هەموو لێقەوماوان و ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان.

ئەم رێبازە بوو بە بنەمای كاری رابەرایەتیكردن لە بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی و كولتووری، بۆ ئەمڕۆی دۆزی كورد، لە ھەمانكاتدا وەكو ئەزموونێكی كارا و دەوڵەمەند، بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ھەرێمی كوردستان، لەسەر دەستی رابەری ئەمڕۆی گەلی كوردستان سەرۆك مەسعود بارزانی، كە درێژەپێدەری ئەم رێبازەیە و لەبارەی ھیوا و ئومێدی خەڵكی كوردستان، بۆ گەیشتن بە كەناری ئارامی و كامەرانی ھەمان میراتگری ئەم رێبازەیە.