ده‌زگای مین: ساڵی رابردوو پتر له‌ 2 ملیۆن مەتر دووجا زەوی لە مین و بۆمبی چێندراو پاککراوەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ده‌زگای مین، له‌سه‌رده‌می کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە پاککردنەوەی ئەو زەوییانە دراوه‌ کە بە مین و تەقەمەنی پیس بوونە و تا ئێستاش توانراوە بە هەزاران مەتر دووجا پاکبکرێنەوە.

بەپێی داتاکانی دەزگای گشتیی کاروباری مینی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە ساڵی رابردوودا لە هەرێمی كوردستان، 2 ملیۆن و 316 هەزار و 756 مەتر دووجا زەوی لە مین و بۆمبی چێندراو پاککراوەتەوە.

لە کۆی ئەو زەوییانەی کە پاکكراونەتەوە، 211 هەزار و 611 مەتر دووجای لە پارێزگای هەولێر و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر و ، 198 هەزار و 632 مەتر دووجا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی و ، 221 هەزار و 947 مەتر دووجا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی دهۆک و 104 هەزار و 5 مەتر دووجا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین لە ئیدارەی گەرمیان بووە.

هه‌روه‌ها ده‌زگای مین راشیگه‌یاندووه‌، كۆی رووبەری زەویی پاككراوە كە لەلایەن دەزگای گشتیی کاروباری مینەوە پاککراونەتەوە، 736 هەزار و 195 مەتر دووجا و رێكخراوەكانیش 962 هەزار و 157 مەتر دووجایان لە مین پاككردووەتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە یەک ملیۆن و 698 هەزار و 352 مەتر دووجا.

رووبەری زەویی پاككراوە لە بۆمبی چێندراو (IED) تەنیا لەلایەن رێكخراوەكانەوە ئەنجامدراوە، كە 618 هەزار و 404 مەتر دووجا بووە، و كۆی گشتیی هەردوو ڕووبەری زەویی پاككراوە بە مەتر دووجا لەگەڵ زەوی پاككراوە بە بۆمبی چێندراو (IED) بریتیی بووە لە 2 ملیۆن و 316 هەزار و 756 مەتر دووجا.

له‌باره‌ی ژمارەی كێڵگەی مینی پاككراوە، ده‌زگای مین روونیكردووه‌ته‌وه‌،  لەلایەن دەزگاوە 27 كێڵگەی مین و لەلایەن رێكخراوەكانیشەوە 20 كێڵگەی مین پاككراونەتەوە، كە كۆی گشتی دەكاتە 47 كێڵگەی مینی پاككراوە، لەبارەی ژمارەی شەڕگەكانی پاككراوەیش 3 دەزگا و ژمارەی رێكخراوەكانیش 4 بووە، كۆی گشتیی ژمارەی كێڵگەی مینی پاككراوە لەگەڵ ژمارەی شەڕگەكانی پاككراوە لەلایەن دەزگا و ڕێكخراوەكانەوە بریتی بووە لە 54 هەزار و 236 مینی دژەكەسی لەناوبراون.

هه‌ره‌ها لەلایەن دەزگای مینه‌وه‌، هەزار و 944 مین لەناوبردراوە و رێكخراوەكانیش هەستاون بە لەناوبردنی 2 هەزار و 292 مین، كۆی گشتی دەكاتە 4 هەزار و 236 مینی دژە كەسی لەناوبراو، لەبارەی ژمارەی مینی دژە تانكیشەوە تەنیا لەلایەن دەزگای مینەوە ئەنجامدراوە و بریتیی بووە لە 11 مین، و بەمجۆرە كۆی گشتی ژمارەی لەناوبردنی مینی دژەكەسی و مینی دژە تانك لە هەرێمی كوردستان، دەكاتە 4 هەزار و 247 مین.

ژمارەی پارچە تەقەمەنیی (UXO)ی لەناوبراو لەلایەن دەزگای مینه‌وه‌، 32 هەزار و 34 پارچە مین و لەلایەن ڕێكخراوەكانەوە 2 هەزار و 156 پارچە تەقەمەنی بووە، كە كۆی گشتی دەكاتە 34 هەزار و 190 پارچە تەقەمەنی لەناوبراوە. هەروەها 12 بۆمبی چێندرا و لەلایەن دەزگا و 106 بۆمبی چێندراویش لەلایەن ڕێكخراوەكانەوە لەناوبراون، كە كۆی گشتی دەكاتە 118 بۆمبی چێندراو كە لەناوبراون.

ژمارەی خولی راهێنانەكانیش لەلایەن دەزگای مینه‌وه‌ رێكخراون، 3 خول و لەلایەن رێكخراوەكانیشەوە 8 خول بووە، واتا كۆی گشتی 11 خولی راهێنان بووە، و دەزگا 32 جار و رێكخراوەكانیش 110 جار بەشداریی خولی راهێنانیان كردووە و كۆی گشتی بەشدارییان لە خولەكانی راهێنان 142 جار بووە.

ژمارەی سوودمەندان كە لە ژن، پیاو و منداڵ پێكهاتوون، لەلایەن دەزگای مینەوە 9 هەزار و 866 و لەلایەن ڕێكخراوەكانیشەوە 78 هەزار و 820 سوودمەند و كۆی گشتیی سوودمەندانیش 88 هەزار و 686 كەس بووە، هەروەها دابەشكردنی هۆیەكانی هۆشیاركردنەوە لەلایەن دەزگای مینەوە 18 هەزار و 812 هۆی هۆشیاركردنەوە و ڕێكخراوەكانیش 177 هەزار و 57 هۆی هۆشیاركردنەوەی هەبووە، كە كۆی گشتی 195 هەزار 869 هۆی هۆشیاركردنەوە دابەشكراوە، كە خۆی لە پۆستەر، نامیلكەی ڕێبەر، كارتی زانیاری و پەیوەندیكردن، چیرۆكی وێنەدار، دەفتەری قوتابخانە و گۆڤار و چەند هۆیەكی دیكەی هۆشیاری بووە كە دابەشكراون.

ژمارەی بریندارانی مین لە پارێزگاكای هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ده‌زگای مین به‌مشێوه‌ بوو:

 هەولێر 7، سلێمانی 7، دهۆك 4 و ئیدارەی گەرمیان 6 كەس، كۆی گشتیی برینداران بە مین لە هەرێم بۆ ساڵی 2022 بریتیی بووە لە 24 كەس.

هه‌روه‌ها ژمارەی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌هۆی مینه‌وه‌ لە ساڵی 2022 گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌مشێوه‌ بوو:

هەولێر 1، سلێمانی 3، دهۆك 1، ئیدارەی گەرمیان 2 كەس و كۆی گشتیش 7 كەس بووە، واتا كۆی قوربانییانی مین بە بریندار و كوژراوەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2022 بریتی بووە لە 31 كەس.