سەرۆکی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی ئەوروپا ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی دەربارەی هاوکاریکردنی پێشمەرگە ئاشکرادەکات

.
.

K24 - ستراسبۆرگ/ فەرەنسا

سێیەم رۆژی کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەوروپا بەردەوامە، سەرۆکی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی ئەوروپا پاش سەردانەکەی بۆ هەولێر و بەغدا راپۆرتێکی ئامادەکردووە دەربارەی بارودۆخی ئەمنی لەهەرێمی کوردستان و عێراق.

ناتالی لویس، سەرۆکی لیژنەی بەرگری و ئاسایش لە پەرلەمانی ئەوروپا بە کوردستان24ی رایگەیاند، لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەدا باسی کێشە و گرفتەکانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، ئەوان هەشت پڕۆژەیاسایان ئامادە کردووەو تێیدا باسی زیاتر هاوکاریکردنی هێزە کوردی و عێراقییەکان کراوە لە شەڕی دژی داعش.

ناتالی لویس ئاماژەی بەوەشکرد، خۆی نیگەران بووە لە نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لەعێراق، چونکە وەکو پێویست کاری نەکردووە، بۆیە ئەوان داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە، رۆڵی نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەهێزتر بکەن.